حه‌سه‌ن جه‌ماڵ
له‌تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
له وه‌ڵامی پرسیارێکمدا سه‌باره‌ت به فه‌تحوڵڵاچییه‌کان، قه‌ره‌یڵان گوتی "فەتحوڵڵاچییه‌کان ده‌یانه‌وێ له ناو سیسته‌می ده‌وڵه‌تدا سه‌قامگیر بن، بۆیه نزیکی پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان بونه‌وه. ئاوا به‌هێز بوون. دیاره له ئه‌مریکاش یارمه‌تی وه‌رده‌گرن. ئه‌مریکا فەتحوڵڵاچییه‌کان ده‌خاته به‌رده‌م جیهانی ئیسلام. ئه‌وان به دروشمی "ئێمه‌ش دژی په‌که‌که‌ین، ئێمه‌ش لایه‌نگری ده‌وڵه‌تین" له‌ناو ده‌وڵه‌تدا جێگه‌ی خۆیان کردۆته‌وه. له‌باشوری ڕۆژهه‌ڵات هه‌ن به‌ڵام ژماره‌یان زۆر نییه. ده‌چنه ناو پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدانه‌وه. له‌ناو چینی پۆلیس و مامۆستایان‌دا بڵاو بونه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها لەناو ئه‌و که‌سانه‌شدا په‌ره‌یان سه‌ندووه که سه‌باره‌ت به ئایین گه‌رم و گوڕن. با وای دابنێین په‌که‌که ته‌نگاو بووه یاخود له‌ناو چووه. ده‌زانن له هه‌رێمه‌که چی ده‌قه‌ومێ؟ باشوری ڕۆژهه‌ڵات ده‌بێته ناوه‌ندێک بۆ پاشڤه‌ڕۆیه‌تی."
چیای قه‌ندیل، باکووری عێراق
له باکووری عێراق هه‌م تاڵه‌بانی و هه‌م بارزانی له‌به‌رده‌م ڕۆیشتنی ڕۆژنامه‌نووسان بۆ قه‌ندیل واته له‌به‌رده‌م په‌یوه‌ندیی میدیاکان به په‌که‌که‌وه ده‌بنه ئاسته‌نگ.
له‌به‌ر ئه‌م هۆکاره به‌ره‌به‌یانی شه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو که به‌ره‌و چیای قه‌ندیل ده‌ڕۆیشتین، هه‌وڵمان ده‌دا خۆمان له بازگه‌ی کۆنتڕۆڵی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان به سه‌رۆکایه‌تی تاڵه‌بانی و پارتی دیموکراتی کوردستان به سه‌رۆکایه‌تی بارزانی بشارینه‌وه.
له‌هه‌ندێک شوێن پێناسی ڕۆژنامه‌نوسیمان نیشان نه‌دا. مه‌کینه‌ی فۆتۆگرافیمان شارده‌وه. له‌نزیک سنوری ئێر‌انیش ئۆتۆمبێله‌که‌مان گۆڕی و سواری جیبی قاچاقچیانی کورد بوین که په‌که‌که بۆی ئاماده کردبووین. به‌شێک له سه‌فه‌ره‌که‌مان به‌ره‌و چیای قه‌ندیل له‌ڕێگای قاچاغه‌وه بوو.
قاچاغچییه‌کان له ناوچه‌ی ڕانیه گه‌یشتنه هه‌رێمی ژێر ده‌سه‌ڵاتی په‌که‌که. بێگومان له‌به‌رامبه‌ریدا هه‌م پاره وه‌رده‌گرن و هه‌روه‌ها پێویستیه لۆجستیکیه‌کانی په‌که‌که به‌وان جێبه‌جێ ده‌کرێ. به‌ڵام له‌هه‌مانکاتدا ئاشکرایه ئاسایشیان له‌لایه‌ن په‌که‌که‌وه ده‌پارێزرێ.
پرسیاره‌کان:
ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌گه‌ڵ واشنگتۆن و ئه‌نقه‌ره تا چه‌ند ده‌توانن په‌که‌که گۆشه‌گیر بکه‌ن؟ تا چ ڕاده ده‌توانن بێ کاریگه‌ری بکه‌ن؟ یان با بڵێین ئایا ده‌توانن په‌که‌که له چیاکان بێننه خواره‌وه؟
له ڕێگه‌ی ئه‌م پرسیارانه‌وه هه‌وڵم دا له‌قسه‌کاندا هه‌م نیازی هه‌ولێر و هه‌میش موراد قه‌ڕه‌یڵان ده‌ربخه‌م.
که‌سی یه‌که‌می په‌که‌که بڕوا به‌خۆ هاته گۆ:
"ئه‌گه‌ر بارزانی و تاڵه‌بانی دژی ئێمه بکه‌ونه جموجۆڵ، زیان به خۆیان ده‌گات."
ئه‌گه‌رێکی وه‌ها هه‌یه؟
"بارزانی زه‌خت له په‌که‌که ده‌کا، به‌ڵام...."
ویستی بارزانی و تاڵه‌بانی بۆ گوشارخستنه سه‌ر په‌که‌که له باکوری عێراق له‌پێناو قایلکردنی واشنگتۆن و ئه‌نقه‌ره حاشاهه‌ڵنه‌گره. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا له هه‌ندێک لایه‌نه‌وه به تایبه‌ت له‌لایه‌ن پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه زه‌خت له په‌که‌که ده‌کرێ، به‌ڵام ئه‌م گوشارانه سنوریان هه‌یه و پێوانێکی دیاریکراو تێناپه‌ڕێنێ. چاودێرێک پێی وتم:
"ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی تورکیا، جارێکی تر له ناوچه‌کهدا ڕێگه له‌به‌رده‌م دۆگمابونی په‌که‌که خۆش ده‌کات."
به‌کورتی:
کرده‌وه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کورد له باکوری عێراق دژ به په‌که‌که سنوورێکی دیاریکراوی هه‌یه. هه‌ر دوو لایه‌نیش هه‌ست به‌مه ده‌که‌ن. جگه له‌مه وه‌ک ده‌ڵێن ئیتر زه‌مه‌نی "کورد به‌کورد به‌کوشتدان" به‌سه‌ر چووه.
با ئه‌مه‌ش له قه‌ڵه‌م نه‌كه‌وێ:
په‌که‌که له‌ماوه‌ی ساڵانێکی درێژدا، له‌ناو کورده‌کانی عێراق ڕیشه‌ی داکوتاوه.
ئه‌وه‌ی له قسه‌کانی موراد قه‌ڕه‌یڵان سه‌رنجی ڕاکێشام ئه‌وه بوو کاتێک له سه‌ر بارزانی و تاڵه‌بانی قسه‌ی ده‌کرد، بڕوا به خۆ و به‌دڵنیاییه‌وه ده‌دوا.
له هه‌مانکاتدا سه‌مپات بوونی جه‌لال تاڵه‌بانی نه‌شارده‌وه. نازانم له زاری ده‌رچوو یان نا، به‌ڵام جارێکیان له میانه‌ی قسه‌کانیدا ئاوای گوت:
"مام جه‌لال، زۆر باش نهێنی و داخوازییه‌کانی ئه‌نقه‌ره ده‌درکێنێ. وه‌ک کۆنفرانسی کورد و مه‌سه‌له‌ی چه‌کدانانی په‌که‌که...."
ئه‌مریکا و فەتحوڵڵاچیه‌كان
پرسیارم له موراد قه‌ڕه‌یڵان کرد سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندیی په‌كه‌که له‌گه‌ڵ تاقمی فه‌تحوڵڵاو چالاکییه‌کانیان له باشوری ڕۆژهه‌ڵات.
که‌سی یه‌که‌می په‌كه‌که فه‌تحوڵڵاچیه‌کانی بۆ هه‌زم نابێ. به‌م پرسیاره ده‌ستی به قسه‌کانی کرد "بۆچی ئه‌م سێ چوار ساڵه‌ی دوایی هێرشیان کرده سه‌ر ئێمه؟" پاشان به‌رده‌وام بوو و گوتی "فه‌تحوڵڵاچییه‌کان ده‌یانه‌وێ بکه‌ونه ناو سیسته‌می ده‌وڵه‌ته‌وه. به‌م مه‌به‌سته نزیکی ئاکه‌په بوونه‌وه. خۆیان به‌هێز کرد. دیاره له‌لایه‌ن ئه‌مریکاشه‌وه پشتگیری ده‌کرێن. ئه‌مریکا فەتحوڵڵاچییه‌کان ده‌خاته به‌رده‌م جیهانی ئیسلام.. ئه‌وان به دروشمی "ئێمه‌ش دژی په‌که‌که‌ین، ئێمه‌ش لایه‌نگری ده‌وڵه‌تین" له‌ناو ده‌وڵه‌تدا جێگه‌ی خۆیان کردۆته‌وه. له‌وانه‌یه ئه‌مڕۆ مه‌ترسی نه‌بن به‌ڵام له‌داهاتوودا مه‌ترسی دروست ده‌که‌ن.... له‌باشوری ڕۆژهه‌ڵات هه‌ن به‌ڵام ژماره‌یان زۆر نییه. ده‌چنه ناو پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدانه‌وه. له‌ناو چینی پۆلیس و مامۆستایان‌دا بڵاو بونه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها له ناو ئه‌و که‌سانه‌شدا په‌ره‌یان سه‌ندووه که سه‌باره‌ت به ئایین گه‌رم و گوڕن."
"ئه‌گه‌ر په‌که‌که سه‌رکوت بکرێ کاریگه‌ری ئێران له باشوری ڕۆژهه‌ڵات په‌ره ده‌ستێنێ"
ئه‌م قسانه‌ی قه‌ڕه‌یڵان سه‌رنج ڕاکێش بوون:
"مه‌حاڵه په‌که‌که سه‌رکوت بکرێ. به‌ڵام با وای دابنێین، په‌که‌که سه‌رکوت کرا و له‌ناو چوو. ده‌زانن له‌ناوچه‌که‌دا چی ڕوو ده‌دا، باشوری ڕۆژهه‌ڵات ده‌بێته ناوه‌ندێک بۆ پاشڤه‌ڕۆیه‌تی... له‌م ڕووه‌وه ئێران هه‌وڵدانی هه‌یه. ده‌یه‌وێ بزوتنه‌وه ئیسلامییه‌کان وه‌ک ئه‌ڵته‌رناتیڤێک په‌ره پێ بدا. له‌ڕاستیدا (ژیته‌م)، حزبوڵڵای دروست نه‌کرد، به‌ڵکه ئه‌مه کاری ئێران بوو."
له‌درێژه‌ی قسه‌کانیدا قه‌ره‌یڵان گوتی:
"ئێران دیداری له‌گه‌ڵ ئه‌نجام دام بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی حزبوڵڵا نه‌که‌ین..."
ڕوداوێکی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یه.
له‌ناوچه‌که‌دا گه‌مه له‌ناو گه‌مه‌دا ده‌کرێت.
بۆ نمونه ده‌گوترێ:
"کورده‌کان له‌ناوچه‌که‌دا هێزێکی عیلمانین... له‌م ڕوانگه‌یه‌وه له‌یه‌کێتیه‌وه بگره تا پارتی و له‌وێشه‌وه بۆ په‌که‌که، ئه‌ڵته‌رناتیڤیان له‌ناوچه‌که‌دا لایه‌نه ئیسلامیه‌کانن. ئه‌گه‌ر سه‌رنج نه‌درێته ئه‌م خاڵه، چۆن ده‌کرێ سبه‌ی له‌باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیا تاقمێکی شیعه‌ی ڕادیکاڵ له‌ژێر چاودێری ئێران‌دا په‌ره نه‌ستێنێ؟"
"لەگه‌ڵ جه‌میل بایک هیچ جیاوازیه‌کمان نییه"
وه‌ک ناوبڕێک له قه‌ره‌یڵانم پرسی:
"درز که‌وتۆته ناو لوتکه‌ی په‌که‌که‌وه. گۆیا تۆ و جه‌میل بایکی ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی پێک نه‌هاتون. ئێوه لایه‌نگری چه‌کدانانن له کێشه‌ی کورددا و له‌پێناو ئه‌مه‌دا ده‌ڵێن په‌که‌که چه‌ک دابنێ.. له‌به‌رامبه‌ردا جه‌میل بایک پارێزگاری له هێڵی (شاهین) کردووه و گوتویه‌تی هیچ له کۆماری تورکیا چاوه‌ڕێ ناکرێت..."
هه‌ر سی ئه‌ندامی کۆنسه‌ی سه‌رۆکایه‌تی په‌که‌که موراد قه‌ره‌یڵان، بۆزان ته‌کین و سۆزدار ئا‌ڤێستا له یه‌ک کاتدا چاویان بڕیه چاوی یه‌کتری و پێکه‌نین.
منیش بۆ به‌رده‌وامی قسه‌کانم گوتم:
"ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وپێش جه‌لال تاڵه‌بانی وه‌ک سه‌رۆک کۆماری عێراق له ئه‌سته‌نبوڵ بوو. لەگه‌ڵ چه‌ند براده‌رێکی تورکی ڕۆژنامه‌نوسی خۆی له سه‌ر خواردن ئه‌م مژاره‌ی کردبۆوه...."
قه‌ره‌یڵان یه‌کسه‌ر پرسی:
"ئایا خودی تاڵه‌بانی بڕوا به‌مه ده‌کا؟"
گوتم نازانم.
قه‌ره‌یڵان به‌مجۆره هاته ئاخاوتن:
"له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵ جومعه هیچ جیاوازیه‌کمان نییه له بۆچوندا. ئێمه به‌و نازناوه بانگی جه‌میل بایک ده‌که‌ین. سی ساڵی ڕه‌به‌قه لەگه‌ڵ هه‌ڤال جومعه به یه‌که‌وه‌ین، سی ساڵه له ناو تێکۆشانێکی هاوبه‌ش داین. هیچ جیاوازییه‌کمان نییه."
به‌رپرسیاری ڕوداوی بۆستانجی له‌قه‌ندیل په‌روه‌رده‌ی بینیوه
ده‌رباره‌ی ڕوداوه‌که‌ی (بۆستانجی) پرسیارم له قه‌ره‌یڵان کرد. ئه‌و ڕوداوه‌ی تیایدا ئۆرهان یڵماز کایا لیده‌ری ڕێکخراوی باره‌گای شۆڕشگێڕی له ئه‌نجامی هه‌ڵکوتانی پۆلسی بۆ سه‌ر شوێنه‌که‌یان مرد و پرسیم په‌یوه‌ندی نێوان په‌كه‌كه لەگه‌ڵ ئه‌و ڕێکخراوه چۆنه؟
به‌کورتی ئه‌مه وه‌ڵامی قه‌ره‌یڵان بوو:
"من له‌قۆناغی ناوه‌ندی له‌ژێر کاریگه‌ری ده‌نیز گه‌زمیش، سه‌رۆک (مه‌به‌ستی ئۆجه‌لانه، ح.ج) و ماهیر چایان ڕێگای چه‌پم هه‌ڵبژارد. بۆیه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه سۆزمان هه‌بوو بۆ ئه‌و ڕێکخراوه چه‌پانه‌ی له پێناو ئیده‌ئاله‌کانیان ئاماده‌ن گیانیان به‌خت بکه‌ن. ئه‌وانیش ڕوو له ئێمه ده‌که‌ن. نزیکه‌ی شه‌ش مانگ لێره مانه‌وه. گوتیان له‌لایه‌ن شێخ به‌دره‌دینه‌كان، ده‌نیزه‌کان و ماهیره‌کانه‌وه هاتوون. په‌روه‌رده‌یه‌کی سه‌ربازیمان پێدان و ڕۆیشتن. به‌ڵام شێوازه‌کانیان به شێوه‌یه‌کی دروست تاقی نه‌کرده‌وه. به‌تایبه‌ت له شوێنێکی وا که‌ڵه‌کەکردنی ئه‌م هه‌موو چه‌ک و چۆڵه، کارێکی هه‌ڵه‌یه."
سه‌یره.
له ئه‌سته‌نبوڵه‌وه ده‌چنه چیای قه‌ندیل، چونکه خۆیان به چه‌پ ده‌زانن. له‌ناو ڕیزه‌کانی په‌که‌که په‌روه‌رده‌ی سه‌ربازی ده‌بینن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی "میللیه‌ت"
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر