حه‌سه‌ن جه‌ماڵ
له‌تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
سکرتێری گشتی پێشووی (DEP) یاشار کایا ده‌ڵێ "ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کان، یه‌کێتی ئه‌وروپا، عێراق و ده‌سه‌ڵاتدارێتی کوردستانی عێراق پێداگرن له‌سه‌ر ئه‌و قۆناغه‌ی ئه‌مڕۆکه پێی گه‌یشتون. کار له‌سه‌ر پلانێک ده‌کرێ و پرسی په‌که‌که به‌گه‌رمی له‌سه‌ر مێزه. ئیتر هه‌مو شتێک کۆتایی پێدێ. سه‌رهه‌ڵدانی چه‌کدارانه‌ی کورد دوایین قۆناغه‌کانی تێده‌په‌ڕێنێ. ڕێگه‌ی هه‌ره باش بۆ په‌که‌که وازهێنانی بێمه‌رجه له چه‌ک..."
هه‌ولێر
نیوه‌شه‌وی چوارشه‌ممه، فڕۆکه‌خانه‌ی ئه‌تاتورک. فڕۆکه‌که‌مان له نشینگه که‌وته ڕێ و خێراییه‌که‌ی زیاتر کرد. به تورکی و ئینگلیزی ئاگاداری ده‌درێت بۆ ئه‌وه‌ی ته‌له‌فۆن و ئامێره ئه‌لکترۆنییه‌کانمان بکوژێنینه‌وه.
ئه‌و هاووڵاتییه‌ی له کورسیه‌که‌ی ته‌نیشتمان دانیشتووه، گوێی به‌م شتانه نابزوێ. ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی هه‌روا به گوێچکه‌یه‌وه گرتوه و وادیاره ده‌ئاخفێ. له‌گه‌ڵ به‌رزبونه‌وه‌ماندا هێمنی زاڵ ده‌بێ و ژنێکی جوان سه‌ره‌تا به تورکی و ئینجا به ئینگلیزی ئاگاداری ده‌دات. ئه‌وه‌ی ته‌نیشتم سه‌ری هه‌ڵده‌بڕێت.
"فه‌قیره کابرا باش تێناگات. چی ده‌بو له فڕۆکه‌کانی هه‌ولێردا ئاگادارکردنه‌وه به کوردیش هه‌بوایه.."
فڕۆکه‌که‌مان ته‌ژییه له کارسازانی تورک که له‌پێناو ئیشدا ڕو ده‌که‌نه باکوری عێراق. یه‌کێکیان ده‌رمانفرۆشه، له ئه‌سته‌نبوڵه‌وه ده‌چێته هه‌ولێر، بێگومان له‌پێناو فرۆشتنی که‌ره‌سته و ده‌وا و ده‌رمانه‌کانیدا.... ئه‌وی تریان ده‌یه‌وێ شانسی بازرگانی خۆی تاقی بکاته‌وه و وه‌ک خۆی ده‌ڵێت یه‌که‌مجاره پێ ده‌نێته ئه‌و ده‌ڤه‌ره.
خێرا له کۆنتڕۆڵی په‌ساپۆرت تێده‌په‌ڕین. ژنه کارمه‌نده‌کان دوانیان په‌چه‌یان پۆشیوه و دوانیان سه‌ریان ڕووته.
به‌دیوارێکه‌وه دو ڕیکلامی گه‌وره هه‌ڵواسراون:
"به‌خێر بێن بۆ کوردستان! بانکی بیبلۆس"
"ڤێلا هه‌ره خۆشه‌کانی کوردستان له گوندی ئه‌مریکی!..."
ناوی ئۆتێله‌که‌شمان ئه‌مه بوو؛
"رۆته‌ردام سیتی هۆتێل."
کازیوه‌ی به‌یانی، گه‌نجی پێشوازیکه‌ر سه‌رنجی نامیق دوروکانی هاوڕێم ڕاده‌كێشێ.
کابرایه‌کی به‌نگلادێشییه!
سه‌ره‌تا به کوردی قسه ده‌کات. پاش ئه‌وه‌ی له فڕۆکه‌خانه ئه‌و ئه‌فریقیانه‌مان بینی که کاری بارهه‌ڵگریان ده‌کرد ئێستاش ئه‌و به‌نگلادێشیه سه‌رنجمان ڕاده‌کێشێ که شاره‌زای زمانی کوردییه.... ئایا باکوری عێراق ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێ؟.... یاخود ئه‌وه کورده‌کانی عێراقن له ئیش ڕاده‌که‌ن و ده‌وڵه‌ت ناچار ده‌بێ ئه‌و ئیشانه بگرێته ئه‌ستۆ؟
"شته‌کان زۆر سه‌یر ده‌گۆڕدرێن"
یه‌که‌مجار ساڵی 1974 هاتمه هه‌ولێر. ئه‌و کات له به‌غدا به‌عسی دیکتاتۆر حکومه‌تی ده‌کرد. چه‌ندین ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و ڕۆژانه‌دا تێپه‌ڕین و ساڵی 1992 له‌سه‌روبه‌ندی شه‌ڕی که‌نداودا پاش ئه‌وه‌ی باکوری عێراق که‌وته ژێر چاودێری ئه‌مریکیه‌کانه‌وه، که هاتمه هه‌ولێر، هه‌مو شوێنێک کاول ببوو. له‌بیرمه، له ئۆتێلی شیرین پاڵاس که ئێستاش هه‌ر ماوه‌ته‌وه داوای خاولیمان کرد، پێیان گوتین "خاولیمان نییه، چارشێڤتان پێ بده‌ین."
ده‌مه‌وبه‌یان له ژوره‌که‌م هاتمه ده‌ر و گه‌نجه به‌نگلادێشیه‌که‌ی کارمه‌ندی پێشوازی پاسۆردم پێده‌دات بۆ کردنه‌وه‌ی ئه‌نته‌رنێت... شۆفێره‌که‌مان که ناوی ئازاده خه‌ڵکی باشوری ڕۆژهه‌ڵات واته ده‌وروبه‌ری شیرنه‌خ و سلۆپییه، چه‌ندین ساڵ له‌وه پێش هاتۆته هه‌ولێر و لێره نیشته‌جێیه، له‌ژیانی خۆی ڕازییه، ده‌ڵێ؛
"کاکه، شته‌کان زۆر سه‌یر گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت."
ته‌له‌ڤزیۆنه‌که‌م هه‌ڵکرد. کوردستان تیڤی، زاگرۆس تیڤی، ڕۆژ تیڤی، کورد یه‌ک، کۆمه‌ڵه، کوردسات.... نزیکه‌ی بیست که‌ناڵی کوردی هه‌بون که له باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی خۆشمان به‌ئاسانی ده‌کرێ بینه‌ریان بیت.
هه‌واڵمان پێده‌گا؛
به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی پێنجشه‌ممه، فڕۆکه‌کانی جه‌نگی تورکیا، ده‌وروبه‌ری چوکورجاو هه‌رێمه‌کانی زاپ ـ ئاڤاشین ـ باسیانی نزیک سنوری عێراقیان به‌بیانوی بوونی که‌مپه‌کانی په‌که‌که بۆردومان کردوه.
نوێنه‌ری عێراق چه‌تینه‌ر چه‌تین به ئێن تیڤی ڕاگه‌یاند "له یه‌کی ژانوییه‌وه ئه‌مه دوهه‌م جموجوڵی ئاسمانییه". له‌وه ده‌چێ ئۆپه‌راسیۆنێک بێ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ده سه‌ربازه‌ی له‌سێگۆشه‌ی لیجه ـ کولپ ـ‌گه‌نچ و هه‌روه‌ها ده‌ڤه‌ری شه‌مدینلی له به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌دا شه‌هید بوون.
ئایا "شوێنکه‌وتنی گه‌رماوگه‌رمه" له به‌ژایی؟
تۆ بڵێی؟
پێڤاژۆی لێبوردن بۆ په‌که‌که
هاوینی ڕابردو وێڕای سه‌رۆک وه‌زیر ئه‌ردۆگان هاتینه به‌غدا. له‌میانه‌ی ئه‌م دیداره‌دا، په‌یمانی ڕێککه‌وتنی ستراتیژی له‌گه‌ڵ عێراق مۆر کرا. به‌ڵام ئه‌م ڕێککه‌وتنه هێشتا له‌لایه‌ن به‌غداوه ئه‌رێ نه‌کراوه. سه‌باره‌ت به باکوری عێراق "شۆپاندنی گه‌رماوگه‌رم" به‌هۆی حوکمه‌کانه‌وه وه‌ستاوه و په‌ڕله‌مانی عێراقیش چاوه‌ڕێ ده‌کات.
ئایا په‌که‌که له چیاکان دێته خوار؟
به‌ره‌و گوێچکه‌م ده‌چه‌مێته‌وه و ده‌ڵێ:
"ژه‌نه‌ڕاڵێکی تورکیا له‌م کاتانه‌دا له هه‌ولێره."
به‌رده‌وام ده‌بێت:
"راوێژکاری میت ئه‌مره تانه‌ر له‌م یه‌ک دوو ساڵه‌ی دواییدا چوار جار هاتۆته هه‌ولێر، له هه‌موو سه‌فه‌ره‌کانیشیدا چاوی به مه‌سعود بارزانی که‌وتووه."
په‌که‌که له‌باکوری عێراق چی به‌سه‌ر دێت؟
قۆناغی لێبوردن بۆ په‌که‌که....
ئه‌نقه‌ره پێویسته چی بکات؟..
له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێ:
"ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی له‌شاخه‌کان هاتونه‌ته خوار 3822 که‌سه... ئه‌مانه له هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆک نیشته‌جێ بوون و کار ده‌که‌ن. قۆناغی لێبوردن ده‌کرێ له‌مانه‌وه ده‌ست پێ بکات."
یه‌که‌م مژاری قسه‌کانمان له‌هه‌ولێر له‌سه‌ر هاتنه خواری په‌که‌که‌یه له‌چیاکان. له‌مباره‌وه پرسیارگه‌لی وه‌ک لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان پێویسته چی بکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌ی کورد له چه‌ک و توند‌و تیژی جیا بکرێته‌وه، سه‌ره‌تا پێویسته چ هه‌نگاوێک بنرێ، ده‌خرێنه به‌ر باس و گفتوگۆ.
دوێنێ به‌یانی له‌گه‌ڵ فه‌ردا جه‌میل ئۆغڵو قسه‌مان کرد که نزیکه‌ی پێنج ساڵه وه‌ک ژنه کارکه‌رێکی تورکیایی له هه‌ولێر ده‌ژی و نه‌وه‌ی ماڵباتی جه‌میل ئۆغڵو یاخود جه‌میل پاشایه له‌ماڵباته به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک کورد و هه‌ره ڕه‌سه‌نه‌کان.
ده‌ڵێ "چیتر مرۆڤه‌کان نایانه‌وێت یه‌کتری بهاڕێنن، به‌ڵکه ئاشتیان ده‌وێ." پاشان به‌مجۆره به‌رده‌وام ده‌بێ:
"به‌شێوه‌یه‌کی زۆر قه‌به له‌ڕوانگه‌ی تورکیاوه، یه‌کێک له ئه‌ندامه‌کانی بنه‌ماڵه‌یه‌کی کورد، به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان په‌یوه‌ندیی به شاخ و په‌که‌که‌وه هه‌بوو. گشت دایکێک ده‌یه‌وێ کوڕه‌که‌ی ببێته پیاو. ناوی لێده‌نێن لێبوردن یان گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ، گرنگ نییه، گرنگ هاتنه خواره له چیاکانە. له‌پێناو ئه‌مه‌دا پێویسته زمان و فه‌رهه‌نگی کوردی گه‌ره‌نتی بکرێ. با مرۆڤه‌کان له چیاکان بێنه خوار، بچنه‌وه وڵاتی خۆیان، بۆ ناو باوه‌شی بنه‌ماڵه‌کانیان. به‌درێژایی ته‌مه‌نم، لانیکه‌م هه‌ر پێنج ساڵه و شه‌ڕێکم به چاو بینیوه، به‌سه ئیتر."
ئه‌م قه‌یرانه کۆتایی دێت؟
یاشار کایا پانزه ساڵه له مه‌نفا ده‌ژی.
سه‌ره‌تای ساڵانی 1990 سه‌رۆکی گشتی ده‌پ بووه. خاوه‌ن ئیمتیازی ڕۆژنامه‌ی "ئویزگور گونده‌م" بووه له ئه‌سته‌نبوڵ و یه‌کێک بووه له نووسه‌ره به‌رده‌وامه‌کانیشی. سه‌رۆکی "په‌رله‌مانی کوردستان له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات" بووه. ساڵی 1994 ناچار بووه له تورکیا ڕابکات و په‌نای بردۆته ئه‌ڵمانیا.... ئێستا ژیانی له‌نێوان کۆلن و هه‌ولێردا تێده‌په‌ڕێ.
دوێنێ نیوه‌ڕۆ له ماڵه‌که‌ی خوێداو له هه‌ولێر وتوێژمان له‌گه‌ڵ یاشار کایادا ئه‌نجامدا. کایا گوتی "ئویزگور گونده‌م 18 ساڵ به‌رده‌وام بوو له چاپ و بڵاوکردنه‌وه. له‌م ماوه‌یه‌دا 24 ته‌رممان ناشت، ته‌رمی په‌یامنێران و نووسه‌رانی ڕۆژنامه‌که...". مو‌سا عه‌نته‌ر و "تاوانی بکه‌ری نادیاری" به‌بیر هێنایه‌وه.
دواتر هاتینه سه‌ر باسه سه‌ره‌کیه‌که‌مان.
وازهێنان له‌چه‌ک...
یاشار کایا ڕه‌خنه له په‌که‌که ده‌گرێت و داکۆکی له‌وه ده‌کات ئیتر په‌که‌که به بێ دانانی پێش مه‌رج واز له‌چه‌که‌کانی بێنێ.
له‌درێژه‌دا ده‌ڵێ:
"ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کان، یه‌کێتی ئه‌وروپا، عێراق و ده‌سه‌ڵاتدارێتی کوردستانی عێراقیش پێداگرن له‌سه‌ر ئه‌و قۆناغه‌ی ئه‌مڕۆکه پێی گه‌یشتون. کار له‌سه‌ر پلانێک ده‌کرێ، پرسی په‌که‌که له‌سه‌ر مێز تاوتوێ ده‌کرێ. ئیتر ئیشه‌کان کۆتای‌یان پێدێ. ڕێکخراوه نهێنیه‌کان و خه‌باتی چه‌کداری چیتر ڕۆڵیان نه‌ماوه. سه‌رهه‌ڵدانی چه‌کدارانه‌ی کورد دوایین قۆناغه‌کانی تێده‌په‌ڕێنێ. ڕێگه‌ی هه‌ره ڕاست بۆ په‌که‌که وازهێنانی بێ مه‌رجیه‌تی له چه‌ک.."
یاشار کایا هه‌روه‌ها ده‌ڵێ:
کار له‌سه‌ر هه‌ندێک شت ده‌کرێ، بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌که له توندوتیژی و چه‌ک پاک بکرێته‌وه... له‌ناکاو ده‌بینین نۆ سه‌رباز شه‌هید کراون... له‌لایه‌کی تره‌وه، له بۆستانجی، کۆمه‌ڵێک ڕووداو دێنه ئاراوه. ئیتر پێویسته واز له چه‌ک بهێنرێت. کێ زۆربه‌ی کاره‌کانی ئه‌وی تر ده‌گرێته ئه‌ستۆ، کێ که‌سێکی تر ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌و شوێنه‌ی پێی خۆشه؟ ئه‌مه قه‌یرانه."
ئایا ئه‌م قه‌یرانه کۆتایی دێت؟
سبه‌ینێ به‌شی دوهه‌می یاداشته‌کانم له‌باکوری عێراق له هه‌ولێره‌وه پێشکه‌ش ده‌که‌م..
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر