له تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
سیاسه‌ته‌کانی کورد، هێنده‌ی هه‌ولێر له‌واشنگتۆنه‌وه شێوه ده‌درێن. له‌شێوه‌گرتنی ئه‌و سیاسه‌تانه‌دا، ئه‌نیستیتۆی کوردی له‌واشنگتۆن وه‌ک ناوه‌ندێکی گرنگ سه‌یر ده‌کرێ. دکتۆر نه‌جمه‌دین که‌ریم سه‌رۆکی ده‌زگاکه‌یه. که‌ریم یه‌کێکه له‌و که‌سانه‌ی له‌لایه‌ن مه‌لا مسته‌فا بارزانییه‌وه زۆرترین متمانه‌ی پێ کراوه. ئێستاش زۆر نزیکی بارزانییه‌کانه. دینامیکه ناوخۆییه‌کانی په‌که‌که و میکانیزمه‌کانی بڕیاردانی ئه‌و حزبه باش ده‌ناسێ. به‌پێی لێدوانه‌کانی که‌ریم، کۆبونه‌وه‌ی داهاتووی هه‌ولێر ڕێگه‌ی بۆ چاوه‌ڕوانی گه‌وره خۆشکرد. هه‌روه‌ها له‌واشنگتۆن کوڕی جه‌لال تاڵه‌بانی، قوباد تاڵه‌بانی نوێنه‌رایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کورده. به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان، په‌یوه‌ندی نێوان ده‌سه‌ڵاتی ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کان و هه‌ولێر پته‌و ده‌کا. تاڵه‌بانی، سیمایه‌کی گه‌ش له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئۆباما هێما ده‌کا.
په‌که‌که واز له‌چه‌ک ناهێنێ
به‌گوێره‌ی قسه‌کانی که‌ریم که یه‌کێکه له‌وانه‌ی سیاسه‌تی کوردی ئاڕاسته ده‌کات، خه‌یاڵه گه‌ر وا چاوه‌ڕوان بکرێ له‌یه‌ک کۆبونه‌وه‌دا، په‌که‌که ئاگربه‌ست ڕابگه‌یه‌نێ. که‌ریم ده‌ڵێ "کێشه‌که ته‌نیا له‌گه‌ڵ تورکیادا، چاره‌سه‌ر ده‌کرێت".
ئێوە یه‌کێکن له‌و که‌سانه‌ی له‌سیاسه‌تی کوردی‌دا ڕۆڵتان هه‌یه. له‌کۆبونه‌وه‌که‌ی هه‌ولێر که له‌کۆتاییه‌کانی نیساندا ده‌به‌سترێ، وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌رانی کۆبونه‌وه‌که بانگه‌شه ده‌که‌ن، ئایا پرسی په‌که‌که ته‌واو ده‌بێ؟
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ڕووڕاست بین، به‌تایبه‌ت سه‌باره‌ت به‌و هه‌واڵانه‌ی له‌میدیاکانی تورک‌دا بڵاو ده‌بنه‌وه، پێموایه هه‌مو شتێک له داهاتوودا ڕون ده‌بێته‌وه. هێشتا ئه‌و که‌سانه‌ی پێویسته به‌شداری کۆنفرانس بن، بانگهێشتیان بۆ نه‌چووه. له مانگی نیساندا چی ڕوو ده‌دات، هێشتا دیار نییه.
کۆبونه‌وه ده‌کرێ، به‌ڵام چۆن کۆبونه‌وه‌یه‌ک؟ ده‌گوترێ له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا داوا له‌په‌که‌که ده‌کرێ واز له‌چه‌ک بێنێ یان ڕازی بکه‌ن به‌وه‌ی ئاگربه‌ست ڕابگه‌یه‌نێ. له‌کۆبونه‌وه‌یه‌کدا که نه‌به‌ستراوه چۆن ده‌زانن چ بڕیارگه‌لێک ده‌رده‌چێ؟
هه‌ر سێ حکومه‌تی ئه‌مریکا، تورکیا، به‌غداو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌رێمی کورد، له‌سه‌ر پلانێک پێکهاتون و له‌ئه‌نجامی ئه‌مه‌دا، ده‌ڵێن کۆتایی به‌په‌که‌که دێنن. بانگه‌شه‌که لێره‌وه دێت.
تا ئێستا هیچ زانیارییه‌ک نییه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که واشنگتۆن، ئه‌نقه‌ره، تاران و هه‌ولێر له‌مه‌ڕ ئه‌م کۆبونه‌وه‌یه چاویان پێک که‌وتبێ. گروپه جۆراوجۆره‌کانی کورد، لێک کۆده‌بنه‌وه و پرسی کورد تاوتوێ ده‌که‌ن، له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا په‌که‌که‌ش باسی لێوه ده‌کرێ، به‌ڵام حکومه‌تی ئه‌مریکا له‌ناو ئیشه‌کاندا نییه.
باشه، ئه‌ی لێدوانه‌کانی جه‌لال تاڵه‌بانی؟ گوتی په‌که‌که قایل ده‌کات بۆ ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست؟
له‌م کۆبونه‌وه‌یه‌دا له‌وانه‌یه بانگه‌واز بکرێ بۆ ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست، به‌ڵام ئه‌و حزبه چۆن واز له‌چه‌ک دێنێ؟ شتی وا نه‌بووه و نابێ. هیچ گروپێکی چه‌کدارو خۆڕاگر ناڵێ "با واز له چەک بێنین".
بۆ ئەم مەبەستە پێویستە هه‌ندێک هه‌لومه‌رج بێنه گۆڕێ....
ئه‌مه پرسێکی ناوخۆی تورکیایه. بۆیه‌ش کێشه‌که ته‌نیا له‌نێوان په‌که‌که و حکومه‌تی تورکیادا چاره‌سه‌ر ده‌کرێ. بێگومان ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ په‌که‌که نا، به‌ڵام له ڕێگه‌ی هه‌ندێک نوێنه‌ر له‌سه‌ر ناوی ئه‌وه‌وه.... تورکیا به‌رده‌وام له‌قه‌ندیل به‌دوای په‌که‌که‌دا ده‌گه‌ڕێ و ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه.
بۆ په‌که‌که باس له لێبوردن ده‌کرێ. ئاخۆ ئه‌مه، به‌س نییه بۆ ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌س؟
ئیدی نا. ئه‌و کاته‌ی ئۆجه‌لان تازه گیرابوو، ده‌کرا. ئه‌وکاته‌ی عه‌بدوڵڵا گویل سه‌رۆک وه‌زیران بوو، هاتبوو بۆ واشنگتۆن. محه‌مه‌د عه‌لی بیراندیش لێره بوو. ئه‌وکات وتوێژێکم له‌گه‌ڵ بیراند کرد و گوتم لێبوردن کێشه‌کان چاره‌سه‌ر ده‌کا. به‌ڵام ئێستا چاره‌سه‌ری ناکا.
له‌و کاته‌وه تا ئێستا چی گۆڕدراوه؟
دوای گیرانی، ئۆجه‌لان بانگه‌وازی ئاگربه‌ستی ئاڕاسته‌ی هێزه‌کانی کرد. داوای کرد ڕێکخراوه‌که تورکیا به‌جێ بێڵێ، هاوسه‌نگییه‌کان ژێر‌و ژور ببوون. ئێستاش ئه‌و ڕێکخراوه ده‌کرێ زۆر سه‌ربه‌خۆ بجوڵێته‌وه. ئیتر ئۆجه‌لان هه‌مو شته‌کانی بۆ کۆنتڕۆڵ ناکرێ.
بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌کانی ناو ئه‌و ڕێکخراوه بیانه‌وێ له‌ناکاو واز له‌هه‌موو شتێک بێنن و بڕۆن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ئاگربه‌ست قایل بن، پێویسته چی بکرێت؟
سیاسه‌تمه‌داره‌کان گه‌ره‌نتی بکرێن.... پێویسته یاسای بنچینه‌یی بگۆڕدری، دان به‌ناسنامه‌ی کوردی دابنرێت، هه‌روه‌ها هه‌لومه‌رجی ئۆجه‌لان له گرتوخانه باشتر بکرێ، له‌گۆشه‌گیری ڕزگار بکرێ و ... تاد. هه‌رچه‌ند پێم وایه له‌ماوه‌ی پێنج ساڵی داهاتوودا ئازاد ده‌کرێت. تورکیا له‌مباره‌وه پێش ده‌که‌وێ.
په‌که‌که چی ده‌وێ؟
چاره‌سه‌رییه‌ک، نایه‌وێ ته‌سلیم بێ.
ئه‌گه‌ر وا بێ له‌گه‌ڵ خۆی ناکۆك ده‌بێ، چونکه له ڕۆژانی ڕابردوودا ئاشکرایان کرد هیچ جۆره چاره‌سه‌رییه‌ک که له کۆنفرانسه‌که‌دا پێشکه‌ش بکرێ، په‌سندی ناکه‌ن..
به‌ڵێ، چونکه ئه‌و پێشنیاره‌ی وه‌ک چاره‌سه‌ری پێشکه‌شیان ده‌كرێ له ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه واتای ته‌سلیمبوون ده‌گه‌یه‌نێ.
ئایا ئه‌گه‌ر پشتگیرییه هه‌رێمیه‌کانی نه‌مێنێ، خۆبه‌خۆ ڕێکخراوه‌که له‌ناو ناچێت؟
نا، له‌ناو ناچێ. گروپه‌کانی ناو هه‌رێمی کورد له‌عێراق له‌هه‌فتاکان و هه‌شتاکان هیچ پشتیوانیه‌کیان نه‌بوو و له‌سه‌ر پێ مانه‌وه؟ زێده‌باری به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیایی بێزار نه‌بوون. بارزانی و تاڵه‌بانی ئه‌مه باش ده‌زانن. سه‌ره‌تا ده‌بێ بزانین په‌که‌که له‌تورکیاوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، یانی پێویسته له‌وێوه چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزێته‌وه. به‌ناوبژیوانی کردنی که‌سانی وه‌ک ئه‌حمه‌د تورک له‌نێوانیاندا، کێشه‌که ته‌واو نابێ.
ئه‌گه‌ر ئه‌مه وێنه‌که بێ، بۆچی پۆرترێتێکی جیاواز نیشان بدرێ؟ وه‌ک بڵێی دو ئۆردوگا هه‌یه: تورکیا، بارزانی و تاڵه‌بانی له‌دژی په‌که‌که؟ ئایا ئه‌م تابلۆیه ڕاست نییه؟
نه‌خێر، ڕاست نییه.... تاڵه‌بانی ئه‌گه‌ر بیه‌وێ له‌م تابلۆیه‌دا ناوبژیوانی بکات، پێویسته دادپه‌روه‌رانه بجوڵێته‌وه.... چونکه تاڵه‌بانی ئه‌مه‌ی گوتووه، په‌که‌که پارچه نابێ. ئه‌ویش ئه‌مه ده‌زانێ. ساڵی ١٩٩٢ بێننه‌وه بیر. تورکیا، پارتی و یه‌کێتی هه‌موویان به‌یه‌که‌وه چونه سه‌ر په‌که‌که. ئه‌نجامه‌که‌ی چی بوو؟ ڕێکخراوه‌که ئه‌وه‌نده‌ی تر به‌هێز بو. به‌بڕوای من تاڵه‌بانی، له ڕێگه‌ی لێدوانه‌کانیه‌وه ده‌یه‌وێ په‌که‌که قایل بکا.
ئه‌و پلانه‌ی قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌کرێ، به‌مجۆره‌یه: په‌که‌که له‌و هه‌رێمه کوردییانه‌ی چالاکی چه‌کدارییان لێوه ئه‌نجام ده‌دات، بمێنێته‌وه و خه‌باتی سیاسی ئه‌نجام بدا، ئه‌وانی تر ده‌گه‌ڕێنه‌وه ماڵ یان ده‌چنه وڵاتێکی سکاندیناوی. ئایا ناڕه‌زایه‌تییه‌ک له‌سه‌ر ئه‌م پلانه هه‌یه؟
له ڕوانگه‌ی تیۆریه‌وه جوان دێته به‌ر چاو. به‌ڵام ڕاستیه‌که‌ی شتێکی تره. بتانه‌وێ و نه‌تانه‌وێ، له‌تورکیا په‌که‌که هێزی هه‌ره گه‌وره‌یه که به‌نوێنه‌رایه‌تی کورده‌کان تێده‌کۆشێ. به‌هه‌زاران شوێنکه‌وتوی هه‌یه. بێگومان ده‌یانه‌وێ درێژه به‌م کاریگه‌رییه‌یان بده‌ن. به‌پلانێکی وه‌ها ڕازی نابن.
ئێوه له‌کۆتایی نه‌وه‌ده‌کاندا کارتان له‌سه‌ر پلانێک ده‌کرد، ئه‌و پلانه چی بوو؟
به‌ر له‌گیرانی ئۆجه‌لان، پلانی ئازادکردنی له‌یلا زانامان له‌به‌رنامه‌دا بوو. چاومان به حکومه‌تی میته‌ران ده‌که‌وت. هاوسه‌ری میته‌ران و ڕیچارد هۆلبروکیش له‌ناو ئه‌و به‌رنامه‌یه‌دا بوون. په‌یماننامه‌یه‌کمان بڵاو ده‌کرده‌وه. زانا له‌گرتوخانه که ئازاد کرابا، له‌کۆشکی ئه‌لیزا چاوی به‌میته‌ران ده‌که‌وت و به‌یه‌که‌وه ده‌چوونه لای هه‌لموت کوهل. مه‌سعود یه‌ڵمازیش به‌م پلانه‌ی ده‌زانی.
دوایی چی به‌سه‌ر هات؟
زانا په‌سندی نه‌کرد هاوڕێیه‌کانی له‌ناو زیندان به‌جێ بهێڵێ.
ئه‌گه‌ر په‌سند کردبا، ئه‌مڕۆ چۆن وێنه‌یه‌ک له‌ئارادا ده‌بوو؟
ته‌خمینکردنی ئه‌سته‌مه، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه له‌وکاتدا له‌ناو میدیاکان جێگه‌یه‌کی زۆری بۆ خۆی ته‌رخان ده‌کرد. نازانم په‌که‌که چۆن هه‌ستێکی ده‌بوو. پێم وابێ، پێ خۆشحاڵ نه‌ده‌بوون به‌وه‌ی زانا تا ئه‌و ڕاده‌یه پۆپوله‌ر بێ. پاشان به‌ر له‌گیرانی، له ئیتالیا چاوم به ئۆجه‌لان که‌وت. باسی ئه‌وه‌ی بۆ کردم کۆتایی به‌شه‌ڕ دێنن و درێژه به‌خه‌باتی سیاسی ده‌ده‌ن. به‌ڵام دواتر شته‌کان زۆر خێرا گۆڕدران. قۆڵبه‌ست و ڕاده‌ستی تورکیا کرایه‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌وکات لێبوردن ده‌رکرابا، قازانجی ده‌بوو.
ئه‌مریکا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کی نوێی هه‌یه و پلانی ئه‌وه‌ی هه‌یه هێزه‌کانی له‌عێراق بکشێنێته‌وه. به‌گوێره‌ی ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر خۆتان له‌کوێدا ده‌بیننه‌وه؟
هه‌ستێکی ئاڵۆزم هه‌یه. شته‌کان له‌گه‌ڵ ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر زۆر گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتوه. پێش هه‌موو شتێک، به‌گوێره‌ی ساڵی ڕابردوو، په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ تورکیا ئاستی چاوه‌ڕواننه‌کراویان به‌خۆوه بینیووه. له‌ئاستی دیالۆگه‌کان زۆر ڕازین.
دیداری نێوان سه‌رۆک کۆمار عه‌بدوڵڵا گویل و نیچیرڤان بارزانی له‌به‌غدا به‌ڵگه‌یه‌که بۆ ئه‌م ڕاستیانه.
گفتوگۆکان سه‌باره‌ت به‌وه‌ی عه‌بدوڵڵا گویل وشه‌ی "کوردستان"ی به‌کار هێناوه یان نا، چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
ئه‌مه، نابێ سێبه‌ر بخاته سه‌ر ناوه‌ڕۆکی کۆبونه‌وه‌که. ئیتر واز له‌مانه بێنن. "حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان" ناوی ئێمه‌یه. ئه‌مه، له‌یاساشدا هاتووه.
ڕوداوێک له ڕۆژه‌ڤی کورده‌کاندایه که هاوسه‌نگییه‌کان ده‌گۆڕێ. چۆن ڕوبه‌ڕوی پاشه‌کشه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا ده‌بنه‌وه له عێراق؟
عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به‌ستاتۆی هێزه‌کان ڕێککه‌وتنێکی دیاریکراوی هه‌یه. ئه‌و ڕێککه‌وتنه هه‌روا به‌رده‌وامه. سیاسه‌تی پاشه‌کشه‌ی ئۆباماش تا بڵێی شه‌فافه. وه‌ک دیار ده‌بێ ئه‌مریکا چه‌ند ساڵێکی تر له‌عێراق ده‌مێنێته‌وه.
ساڵی ٢٠١١ به‌ته‌واوه‌تی پاشه‌کشه ده‌کات، وایه؟
وا ده‌ڵێن، به‌ڵام له‌کۆتایی ئه‌مساڵدا، سه‌ربازی ئه‌مریکی هێشتا له عێراق زیاتر ده‌بێ تا له‌ئه‌فغانستان. پێموانییه له‌و کاته‌دا ئه‌مریکا له‌عێراق پاشه‌کشه بکات... ده‌که‌وێته ناو هه‌وڵدانی چڕوپڕی دیپلۆماسییانه‌وه. بۆیه باس له "پاشه‌کشێی به‌رپرسیارانه" ده‌کا.
مه‌به‌ست له"پاشه‌کشێی به‌رپرسیارانه" چییه؟
مه‌به‌ست له‌وه‌یه که ڕۆشتن هیچ ئالۆزییه‌کیان له‌دوای خۆیان به‌جێ نه‌هێشتبێ. ئه‌مه ئاواتی ئێمه‌شه.
ئایا ئه‌مه هه‌رێمی کوردیش ده‌گرێته‌وه که وه‌ک پێگه‌یه‌ک بمێنێته‌وه؟
له‌وانه‌یه. ئێمه ده‌مانه‌وێ وا بێت. به‌خۆشحاڵیه‌وه ڕوبه‌ڕوی هه‌ر چه‌شنه هێزێکی ئه‌مریکا ده‌بینه‌وه له‌هه‌رێمه‌که‌ماندا.
ئایا ئه‌م پێگه‌یه، وه‌ک ئیسرائیل له‌ناوچه‌که‌دا ناتانکاته لایه‌نێکی ئه‌نتی پاتیک؟
بڕوا ناکه‌م. ئه‌م پێگه‌یه له‌سه‌ر حسابی جیرانه‌کان نابێ. له‌پێناو سه‌رله‌نوێ بونیادنانه‌وه‌ی عێراقدا ده‌بێ. هێشتا زۆر شت ماوه که له‌پێناو ئه‌م وڵاته‌دا بکرێ. له داهاتوویه‌کی نزیکدا، دوابه‌دوای ساڵی ٢٠١١ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌مریکا به‌چ شێوه‌یه‌ک له عێراق حزوری ده‌بێ، چاوه‌ڕێی ده‌ستپێکردنی گفتوگۆ و بۆچوونین.
له‌لایه‌کی تره‌وه، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نوێ، وێده‌چێ وه‌کوو ڕابردوو نزیکی کورده‌کان نه‌بێتەوە. له‌مه‌راسیمی نه‌ورۆز له‌واشنگتۆن، که‌سایه‌تی گرنگ به‌دی نه‌ده‌کران.
ده‌ڵێی حاڵه‌تێکی به‌مجۆره هه‌یه، چونکه له‌گه‌ڵ بوش هاوپه‌یمان بوون، که‌وتنه دۆخێکی دژه‌ئیمتازه‌وه.
له‌گه‌ڵ بۆچونه‌که‌تدا نیم. ئێمه هه‌م له‌گه‌ڵ کۆمارییه‌کان و هه‌م له‌گه‌ڵ دیموکراتخوازه‌کان نێوانمان خۆشه. دیاره په‌یوه‌ندییه‌کانمان ئه‌ولاتری تاکه‌کانه. سه‌قامگیر بووه. به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نوێ، ئێستا ده‌سته‌ویه‌خه‌ی زۆر کێشه‌یه. دنیا به‌ده‌وری عێراقدا ناسوڕێ. له‌مه تێده‌گه‌ین.
واته متمانه‌تان به‌ئه‌مریکا هه‌یه؟ مێژو پێمان ده‌ڵێ ده‌کرێ ئه‌مه زۆر ڕاست نه‌بێ.
متمانه، وشه‌یه‌که له‌دیپلۆماسیدا تا به‌کارنه‌هێنانی به‌هێزه. دواجار، عێراق هێشتا به‌لای ئه‌مریکاوه گرنگه. هه‌رێمی کوردستانیش به‌لای عێراقه‌وه. ئه‌مه‌ش هه‌رێمی کوردستان به‌لای ئه‌مریکاوه گرنگ ده‌کات. پێموایه واشنگتۆن هه‌ست به‌مه ده‌کات.
سه‌رچاوه؛ ڕۆژنامه‌ی ئاکشام
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر