عوسمان ئۆجه‌لان: ئیتر کاتی دابه‌زین له چیاکان هاتووه
حه‌سه‌ن جه‌ماڵ
له تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
عوسمان ئۆجه‌لانیش لەگه‌ڵ ئه‌وه دایه کێشه‌ی کورد له توند‌و تیژی و چه‌ک جیا بکرێته‌وه... به‌ڵام ده‌ڵێ "لوتکه‌ی کاره‌کان لێبوردنه. پێویسته لێبوردنێک ڕابگه‌یه‌نرێ که جیاوازی دانه‌نێ. ده‌ڵێن ٢٠٠ تا ٢٥٠ کادیری سه‌رکردایه‌تی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه ده‌هێڵنه‌وه. وا نابێ. چونکه ئه‌وانه‌ی گوێ به کادیره لیده‌ره‌کان و سه‌رکردایه‌تی ناده‌ن ته‌نها ١% یان ٢% ده‌بن. ئه‌وانی تر دیسان له‌شاخ ده‌مێننه‌وه و دانابه‌زن."
کۆیه، باکووری عێراق
ساڵه‌کان خێرا تێده‌په‌ڕن. پێموابێ ساڵی ١٩٩٤ بوو. دیسان له‌سه‌ر ئه‌م ڕێگه‌یه‌ی ئێستامان، له‌و شه‌قامه‌ی ناوی مادام میته‌رانه به‌ره‌و گردی هه‌یبه‌ت سوڵتان ملمان پێوه نابوو. هه‌ندێک سه‌روتر له دوو لاوه به‌ره‌و سنوری ئێران ده‌ڕوات. لای چه‌پ قه‌ندیله.
ئه‌و چیایانه‌ی په‌که‌که تیایدا جێگیر بووه...
ئێمه ئه‌وکات به‌ره‌و ڕاست بامانداوه، ڕۆیشتینه که‌مپی "زه‌لێ" که دوا به‌دوای ساڵی ١٩٩٢ په‌که‌که‌ی داڵده دابوو و بارانێکی به‌خوڕ ده‌باری و باهۆزێکی توند هه‌ڵیکردبوو.
ئۆتۆمبیلی قاچاقچیه‌کان وه‌کوو ئه‌ڵقه‌ی زنجیرێک هێدی هێدی له چیاکان ده‌هاتنه خوار و به وێنه‌ی مارێک پێچاوپێچ ده‌خوشین، گوتمان "خوا ئه‌قڵیان پێ بدات."
دوێنێ به‌یانی هه‌وا زۆر خۆش بوو.
به‌هار له هه‌موو شوێنێک بڵاو ببۆوه.
هه‌ینی، ڕۆژی پشوو بوو. لەبه‌ر ئه‌وه‌ی هاوکات بوو لەگه‌ڵ یه‌کی مه‌ی، خه‌ڵک به ماڵ و مناڵه‌وه له ده‌شت و ده‌ر بڵاو ببوونه‌وه و له سه‌یران بوون.
کۆیه مه‌مله‌که‌تی جه‌لال تاڵه‌بانییه. سه‌رۆک کۆماری ئێستای عێراق که کورده له‌م شوێنه له‌دایک بووه و لێره‌ش گه‌وره بووه. به به‌رده‌م ئه‌و زانکۆیه‌دا تێده‌په‌ڕین که جه‌لال تاڵه‌بانی له زێدی خۆی دروستی کردووه.
به‌دوای ئه‌و ئۆتۆمبێله ده‌که‌وین که له‌ده‌سپێکی کۆڵانه‌که چاوه‌ڕێمان ده‌کات و ده‌چینه ماڵه بچوکه‌که‌ی عوسمان ئۆجه‌لان که حه‌سارو باغچه‌یه‌کی بچووکی هه‌یه. پێڵاوه‌کانمان داده‌نێین و له‌ژوری پێشوازی داده‌نیشین.
ته‌له‌ڤزیۆنه‌که‌ی هه‌ڵکراوه.
سی ئێن ئێن تورک دیمه‌نه‌کانی یه‌کی مه‌ی له مه‌یدانی "تاکسیم" نیشان ده‌دات... له باس و خواسی فوتبۆڵه‌وه ده‌ست پێده‌که‌م. لەگەڵ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لانیشدا سه‌ره‌تا هه‌ر ئه‌م باسه‌م هه‌ڵگیرساندبوو. ئاوریلی ساڵی ١٩٩٣ له بار ئه‌لیاسی ده‌ربه‌ندی "به‌قاع" به‌درێژایی شه‌و باسه‌که‌مان له سه‌ر ئه‌مه بوو.
عوسمان ئۆجه‌لانیش لایه‌نگری "گالاتا سه‌رای"ه.
"ئایا کاریگه‌ری کاکه له سه‌ر برای بچوک؟"
"نه‌خێر. هۆکارێکی سه‌ره‌کی که کورده‌کانی کردۆته لایه‌نگری گاڵاتا سه‌رای، ڕه‌نگه‌کانی ئه‌و یانه‌یه‌یه. هێمای زه‌رد و سور و زه‌مینه‌ی سه‌وز. ئایا زه‌رد و سور و سه‌وز ڕه‌نگی کورده‌کان نییە؟"
عوسمان ئۆجه‌لان ساڵی ١٩٥٨ له‌دایک بووه.
دو مناڵی کوڕی هه‌یه به ناوه‌کانی فه‌لات و فورات. یه‌کیان چوار ساڵ و ئه‌وی تریان دو ساڵ و نیوی ته‌مه‌نه.
"زۆر دره‌نگ بووی به باوک."
پێده‌که‌نێ:
"له‌ناو په‌که‌کەدا زەماوەند تاوانێکی گه‌وره‌یه و وه‌ک گوناهێک سه‌یری ده‌کرێ. ساڵی ٢٠٠٣ له په‌که‌که دابڕام. دواتر زه‌ماوه‌ندم کرد و مناڵمان بوو."
لێی ده‌پرسم:
"چۆن بوو له په‌که‌که دابڕای؟"
"لەبه‌ر سێ هۆکار له په‌که‌که دابڕام"
یه‌ک به‌دوای یه‌ک خاڵه‌کان ده‌ژمێرێت و کورت و پوخت ده‌یانهێنێته زمان.
"سێ هۆکار هه‌بوون.... هۆکاری یه‌که‌م؛ ئیتر پێداگریم له سه‌ر ئه‌وه ده‌کرد که ده‌بێ په‌که‌که دۆستایه‌تی یه‌کێتی ئه‌وروپا و ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان بەده‌ست بێنێ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بووم له ئێران و سوریا دوور بکه‌وێته‌وه. هۆکاری دووهه‌م، له سه‌ر ئه‌و بڕوایه بووم نابێ لەگه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی سیاسی کورد وه‌ک پ‌د‌ک به سه‌رۆکایه‌تی بارزانی و پی ی‌و که‌ی به سه‌رۆکایه‌تی تاڵه‌بانی له شه‌ڕدا بێ به‌ڵکه بگاته ڕێککه‌وتن. هه‌روه‌ها ده‌مویست له ناو په‌که‌کەدا، مافه تاکه‌که‌سیه‌کان وه‌ک هاوسه‌رگیری و موڵکیه‌تی تایبه‌ت په‌سه‌ند بکرێن."
"که‌ی به‌م ده‌رئه‌نجامه گه‌یشتن؟"
"ده‌توانم بڵێم ساڵی ١٩٩١. به‌ڵام ساڵی ١٩٩٣ خستمه ڕۆژه‌ڤی ڕێکخستنه‌وه."
"چی ڕووی دا؟"
"حه‌شر ڕابوو. پێیان گوتم خیانه‌تکار، خۆفرۆش، سیخوڕی ئه‌مریکا، سیخوڕی پارتی و یه‌کێتی."
دوا بڕیاریش له‌سێداره‌دانی مه‌رجدار بوو.
سێ ساڵ زیندان...
ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی سێ ساڵدا پێداگری له‌سه‌ر بۆچوونه‌کانی نه‌کردایه و په‌ره‌ی پێ نه‌دابا، ئه‌وا له سێداره ڕزگاری ده‌بوو. سه‌رئه‌نجام، ساڵی ١٩٩٧ بڕیاری له‌سێداره‌دانی هه‌ڵوه‌شایه‌وه، عوسمان ئۆجه‌لان جارێکی تر، وێڕای ئه‌و ڕیفۆرمانه‌ی له مێشکی دابوون، گه‌ڕایه‌وه لوتکه‌ی په‌که‌که..
ساڵی ١٩٩٩ ئاپۆ قۆڵبه‌ست ده‌کرێ، له‌نێوان ساڵی ١٩٩٩ بۆ ٢٠٠٣، پێڤاژۆی ئیمرالی له ناو په‌که‌کەدا ده‌ست پێده‌کا. عوسمان ئۆجه‌لان له‌و قۆناغه‌دا که‌سێک بووه به کرده‌وه په‌که‌که‌ی به‌ڕێوه بردووه.
له‌مباره‌وه ده‌ڵێت:
"له‌پێڤاژۆی ئیمرالیشدا لایه‌نگری کۆتایی هێنان بووم به‌شه‌ڕ. هه‌میسان ده‌مگوت نابێ شه‌ڕ بکه‌ین و پێویسته سیاسه‌ت بمه‌شێنین.. به‌هۆی ئه‌وه‌ی ٨٠٠ کادیری شاخ کێشه‌ی ته‌ندروستی، ته‌مه‌ن و کێشه‌ی خۆگونجاندن لەگەڵ شاخیان هه‌یه، با بیانکه‌ینه مه‌ده‌نی و له چیاکان دایانبه‌زێنین. داوام کرد وه‌ک سامپاتیزان له‌ناو گه‌لدا جێگیر بن. ئاپۆ و ئه‌ندامه دامه‌زرێنه‌ره‌کانی په‌که‌که، ئه‌و کات پێشنیاره‌کانی منیان ڕه‌ت کرده‌وه، گوتیان ئه‌مه واتای پاکتاوکردنی په‌که‌که ده‌گه‌یه‌نێ... بیرۆکه‌ی ڕیفۆرم په‌سه‌ند نه‌کرا..."
"په‌که‌که له‌ناو ناچێ"
"ئایا په‌که‌که ناگۆڕدرێت؟"
"نه‌خێر ناگۆڕدرێ. تورکیا ده‌وڵه‌تێکه زۆر باش به‌مه ده‌زانێ. جیا له‌وه‌ش، ئه‌مڕۆکه ٩٥%ی هێزی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی کورد لایه‌نی په‌که‌که ده‌گرێ. هه‌موو گه‌لی کورد ده‌زانێ، په‌که‌که به سه‌رۆکایه‌تی ئاپۆ ئه‌و گه‌له‌ی هێنایه مه‌یدان. له‌به‌ر ئه‌مه ٩٥%ی خه‌ڵک پشتگیری لێده‌کا... ڕاستیه‌کی تریش هه‌یه: په‌که‌که ته‌واو نابێ! ئه‌گه‌ر جار جاره به ڕه‌سمی ده‌وترێ ئه‌مساڵ په‌که‌که له‌ناو ده‌به‌ین یان ساڵێکی تر، ئه‌وا فڕی به ڕاستیه‌وه نییه."
"بۆچی؟"
"په‌که‌که هێزێکه خۆی له سه‌ر پێ ڕاده‌گرێت. ئه‌گه‌ر له‌تورکیا ته‌نگاو بێت له‌ئێران هێز کۆ ده‌کاته‌وه، گه‌ر له‌ئێرانیش ته‌نگاو بێ له عێراق، ئه‌گه‌ر له عێراقیش شتێک ڕو بدا له‌سوریا، له‌وێش نه‌بوو له ئه‌وروپا به‌رده‌وام ملیتان کۆ ده‌کاته‌وه، کۆیشی کردۆته‌وه. جگه له‌مه، ئه‌و هه‌رێمه‌ی تیایه‌تی زۆر به‌رفراوانه، جوگرافیای کوردستانیش هه‌مووی چیایه."
"که‌واته چی ڕو ده‌دات؟"
"به‌ڵێ له‌مێژه سه‌رده‌می شه‌ڕ و چه‌ک به‌سه‌ر چووه. ئیتر کاتی دابه‌زین له چیاکان هاتووه! په‌که‌که ناتوانی به‌مجۆره به‌رده‌وام بێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌سیاسه‌تدا ئه‌ڵته‌رناتیڤێک بۆ په‌که‌که دروست نه‌بێ، ئه‌وا پاکتاو نابێ."
"باشه چۆن ئه‌م زه‌مینه‌یه پێکدێت؟"
"سه‌ره‌تا پێویسته لێبووردن ده‌ربکرێ، ڕێگه‌ی تری نییه. لوتکه‌ی هه‌نگاوه‌کان لێبووردنه. پێویسته لێبووردنێک بێ له به‌رچاوگرتنی جیاوازی ڕابگه‌یه‌نرێ. ئێستا ده‌ڵێن ٢٠٠ تا ٢٥٠ کادیری سه‌رکردایه‌تی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه ده‌هێڵینه‌وه. وا نابێ. چونکه ئه‌وانه‌ی گوێ به کادیره لیده‌ره‌کان ناده‌ن ته‌نها ١% یان ٢% ده‌بن. ئه‌وانی تر هه‌مویان له‌شاخ ده‌مێننه‌وه. دانابه‌زن. هه‌نگاوی یه‌که‌م لێبوردنه، ئه‌مه خاڵی بنه‌ڕه‌تییه. به‌ڵام ده‌وڵه‌تی تورکیا ڕارایه."
قسه زۆره لەگەڵ عوسمان ئۆجه‌لان...
به‌شه سه‌رنجڕاکێشه‌کانی تری قسه‌کانی، له نوسینه‌کانی دواترمدا به‌کار دێنم. عوسمان ئۆجه‌لان لەگەڵ ئه‌وه دایه کێشه‌ی کورد له چه‌ک و توند‌و تیژی جیا بکرێته‌وه. ده‌یه‌وێ بگه‌ڕێته‌وه تورکیا و خه‌ریکی سیاسه‌ت بێ.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر