۱۳۹۴/۰۸/۱۸

شەمەندەفەرێک بەرەو باکوور


ئاگۆتا کریستۆف
وەرگێڕ: سەلاحەدین بایەزیدی

پەیکەرێک لە نێو پارکێکی نزیک وێستگەیەکی تەریک.
پەیکەری سەگێک و پیاوێک.
سەگەکە ڕاوەستاوە، پیاوەکە بە چۆکدا هاتووە، دەستەکانی لە ملی سەگەکە ئاڵاندوە، سەریشی هەندێک نەوی کردووە. 
چاوەکانی سەگەکە لەو دەشتە دەڕوانێ کە لە لای چەپی وێستگە تا بێ کۆتایی پان بۆتەوە، پیاوەکەش، لە ژوور سەری سەگەکە، چاوی لە پێش خۆیەتی، لە ڕێگەی ئاسن دەڕوانێ کە بە گژوگیا داپۆشراوە، ئەو ڕێگەیەی ماوەیەکی دوور و درێژە هیچ شەمەندەفەرێکی پێدا تێ نەپەڕیوە. ئەو گوندەی وێستگە تەریکەکەی لێ هەڵکەتووە، لە لایەن دانیشووانییەوە چۆل کراوە. هێشتا کۆمەڵێک کەسی شارنشین هەن حەزیان لە سرووشت و تەنیاییە و کە هەوا خۆشی کرد، لێرە دەژین، بەڵام هەموویان ئۆتۆمبێلیان هەیە.
هەروەها پیرەمێردێک هەیە کە لە نێو پارکەکەدا پیاسە دەکا و بانگەشە دەکا ئەو پەیکەری سەگەکەی چێ کردووە و لە کاتی ڕامووسانیدا - چونکە زۆری خۆش ویستووە -، خۆیشی بۆتە بەرد.
کە لێی دەپرسن چۆن شتی وا دەبێ لە کاتیکدا ئەو بە زیندوویی، بە گۆشت و ئێسکەوە، لەوێ ڕاوەستاوە، زۆر بە سانایی وڵام دەداتەوە چاوەڕوانی شەمەندەفەری داهاتوویە کە بەرەو باکوور دەڕوا.
کەس دڵی نایە پێی بڵێ چیتر شەمەندەفەرێک بەرەو باکوور ناڕوا، ئیدی شەمەندەفەر لێرەوە بەرەو هیچ شوێنێک ناڕوا. پێشنیاری پێ دەکەن بە ئۆتۆمبێل بیگەیەنن، بەڵام ئەو سەری ڕادەوەشێنێ.
- نا، بە ئۆتۆمبێل نا. لە وێستگە چاوەڕێمن.
پێشنیاری پێ دەکەن بیگەیەننە وێستگە، هەر وێستگەیەکی شەمەندەفەری باکوور کە پێی خۆشە.
دیسان سەری ڕادەوەشێنێ.
- نا، سپاس. دەبێ سواری شەمەندەفەر بم. چەند نامەیەکم نووسیوە. بۆ دایکم. بۆ ژنەکەشم. بۆم نووسیون کە بە شەمەندەفەری هەشتی شەو دێم. خێزانم لەگەڵ مناڵەکان لە وێستگە چاوەڕێمە. دایکیشم هەروا. لەو کاتەوەی باوکم مردووە، دایکم بۆ بە خاک سپاردنی چاوەڕێمە. بەڵێنم پێ داوە لە کۆڕی ناشتنیدا بەشدار بم. بەو پێیە دەتوانم ژنەکەم و مناڵەکانیشم ببینم کە… بە جێم هێشتوون. بەڵێ، من بە جێم هێشتن بۆ ئەوەی ببمە هونەرمەندێکی مەزن. نیگارم کێشایەوە، پەیکەرم دروست کردن. ئێستا، حەز دەکەم بگەڕێمەوە.
- بەڵام ئەمانە گشتیان، نامە بۆ دایکتان و بۆ ژنەکەتان، بە خاک سپاردنی باوکتان، گشت ئەمانە قسەی کەنگێن؟
- هی ئەو کاتەی…. ئەو کاتەی سەگەکەمم ژەهرخوارد کرد، چونکە نەیدەویست وازم لێ بێنێ. خۆی بە چاکەتەکەم هەڵدەواسی، دەستەودامێنی پانتۆڵەکەم دەبوو، کە دەمویست سواری شەمەندەفەر بم، دەیقرووسکاند. ئینجا منیش ژەهرخواردم کرد و لە ژێر پەیکەرەکەدا ناشتم.
- پەیکەرەکە ئەودەم لەوێ بوو؟
- نا، بۆ بەیانییەکەی دروستم کرد. پەیکەری سەگەکەمم لێرە چێ کرد، لەسەر گۆڕەکەی. کاتێکیش شەمەندەفەری باکوور هات، بۆ دوایین جار ڕاممووسی و… لەسەر ملی بووم بە کەڤر. تەنانەت بە مردوویش، نەیدەهێشت بڕۆم.
- لەگەڵ ئەوەشدا، ئێوە لێرەن و چاوەڕوانی شەمەندەفەرن.
پیرەپیاو پێدەکەنێ:
- ئەوەندەش شێت نیم کە پێتان وایە. زۆر باش دەزانم من نیم، من لە بەردم، لەسەر پشتی سەگەکەم چەماومەتەوە. ئەوەش دەزانم ئیتر شەمەندەفەر بە ئێرەدا تێناپەڕێ. دەشزانم باوکم لەمێژە نێژراوە، دایکیشم مردووە، ئیتر لە هیچ وێستگەیەک چاوەڕێم ناکا، هیچ کەس چاوەڕوانی من نییە. ژنەکەم مێردی کردۆتەوە، مناڵەکانم گەورە بوون. من پیر بووم، کاکە، زۆر پیر، پیرتر لەوەی ئێوە بیری لێ دەکەنەوە. من پەیکەرم، ناچمە هیچ کوێ. ئەمانە گشتیان، یارییەکن لە نێوان سەگەکەم و مندا، یارییەک کە بە ساڵانە دەستمان پێ کردووە، یارییەک کە سەگەکەم بردییەوە، ڕێک ئەو ساتەی کە ناسیم.

لە ژمارە (٢١٩)ی گۆڤاری ڕاماندا بڵاو بۆتەوە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر