۱۳۹۴/۰۸/۱۵

ڕووبارەکان شایەتی دەدەن


قادر عەبدوڵڵا
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

لە نیشتیمانی من، ڕووبارەکان شایەتحاڵن. هیچ شتێک حەشار نادەن. ئەوان لە چیا بەرزەکانەوە سەرچاوە دەگرن. گا گۆرانی دەچڕن. گا هاوار دەکەن، جار جارە بە بێدەنگی  لەگەڵ ئێمەدا دەگرین.
هەندێک جار نەرم و نیانن، جاری واشە تووڕەن، جاری وایە  لەگەڵ خۆیاندا گوڵ دێنن، جاری واش تەرمێک.   
رووبارەکان، هەمان ڕووبارن، جا چ لێرە بخوشن چ لە وڵاتەکەی من. 
کاتێک لێرە بە درێژایی ڕووباری "ئەیسێل"دا پیاسە دەکەم، چاوەڕێم ڕووبارەکە شتێکی پێ بێ و ڕووبەڕووی شتێکی چاوەڕواننەکراوم بکاتەوە. 
رووبارەکان دەتوانن جارجارە شتێک دروست بکەن، شێوەی پێ بدەن یان لەقاوی بدەن.

لە نیشتیمانی من، ڕووبارەکان بە گشتی تەرمێک  لەگەڵ خۆیان دێنن. جاری وایە بە هەموو هێزی خۆیان، وەک شتێکی نەگریس تەرمەکە بە گاشەبەردەکاندا دەدەن. فڕێی دەدەنە قەراخ و درێژە بە پەنا و پێچەکانیان دەدەن، وێڵ، سەرگەردان. 
جاری وایە ڕووبارێک بە شێوەیەکی جیاوازتر تەرمێک هەڵدەگرێ. دەبینی ئاوەکە ئەو جەستەیە لەسەر دەستەکانی ڕادەژەنێ. گوێت لێ دەبێ کە ڕووبارەکە دەگری، دەبینی وەک شایەتحاڵێک هەڵسوکەوت دەکا. تەرمەکە بە زنارەکاندا نادا. لە قەراخەکان جێی ناهێڵێ. بە پەنا و پێچەکاندا، تەرمەکە لە باوەش دەگرێ و نیشانی هەموومانی دەدا. پاشان، بەرەو دەریا، بەرەو ئۆقیانووسی دەبا.
ڕووبارەکان لە نیشتیمانی من بەمجۆرە شۆڕ دەبنەوە. لە مێشکی منیشدا هەر بەمجۆرە پەنا و پێچ دەکەن.

لە نیشتیمانی من، ڕووبارەکان پەیوەندییەکی تۆکمەیان بە خەڵکەوە هەیە. لە ژیانی هەموواندا، شوێنێکی گرنگیان بۆ خۆیان تەرخان کردووە. ئەوان جێگەی متمانەن. خیانەت بە هیچ کەس ناکەن. گوێ بۆ مرۆڤەکان شل دەکەن و ڕازەکانیان  لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرن. 
جارجارە، ئێوارە درەنگان، ژنێک دەبینی خۆی لە چارشێوەکەی پێچاوەتەوە و بە پێ دزە بەرەو ڕووبار دەخوشێ. لە ڕەخی ئارامی ڕووبارەکە، دەست دەکا بە قسە، دەگری و دەئاخفێ. بە دەم گریانەوە، ئەو شتانە دەگێڕێتەوە کە ڕوویان داوە، باسی ڕازەکانی بۆ دەکا. زۆری پێ ناچێ، نیگەرانییەکانی دەڕەوێنەوە و وەکوو سێبەر بەرەو ماڵەوە دەبێتەوە.
جاری وایە فرمێسکەکان ئالیکار نابن. لە نێو تاریکیدا، ژنەکە تا نیوەڕاستی ڕووبارەکە دەچێ و جەستەی بە شەپۆلە خرۆشاوەکانی دەسپێرێ. 
لە بیر و هزری هاووڵاتیانی مندا، ڕووبارێک دەخرۆشێ کە جەستەی پیاوێکی هەڵگرتووە. پیاوەکە چاویلکەکانی هەروا لە چاوە و ساکێک پڕ لە دەقی ئەدەبی قەدەغەکراوی بە دەستەوەیە.
ئەو پیاوە، سەمەدی بێهرەنگی‌یە، پارتیزانێکی بێ‌چەک، بەڵام دەوڵەمەند بە گەلێک چیرۆک.
لە نێو بیرەوەرییەکانمدا، سەفیدخانی، چۆمی مناڵیم شۆڕ دەبێتەوە.
چۆمی سەفیدخانی بە بەردەم ماڵی باوکمدا تێدەپەڕی. پردێکی دارین، گەڕەکی ئێمەی بە مێوەکانی ترێ دەبەستەوە، پردێکی سادە کە مانگاکان نەیاندەوێرا بە سەریدا بڕۆن. 
ئێمە بەردەوام لەوبەری چۆمەکە، لەسەر ڕێگەی مێوەکان یاریمان دەکرد. هەمیشە شوێنی خزینی مارەکانمان دەشۆپاند و کە کونەکانیانمان دەدۆزینەوە، دارمان تێ دەوەژاندن.

لە ڕوانگەی منەوە، ڕووبارەکان و مارەکان پەیوەندییەکی چڕوپڕیان بە یەکەوە هەیە. ئەم بیرۆکەیە بەردەوام ختووکەی مێشکم دەدا. 
کاتێک هەوا گەرم دەبێ، دەستەیەک پیرەماری بریقەدار دەبینی بە هاش و هووش بەرەو ڕووبارەکە دەخزن تاکوو خۆیان فێنک بکەنەوە. بۆ چرکەساتێک لە قەراخ ڕووبارەکە دەوەستن، سەیری ڕاست و چەپیان دەکەن و، ئەگەر کەسی لێ نەبێ، هەموویان تێکڕا بۆ نێو ڕووبارەکە دەخوشن. سەرەتا خۆیان بە پێلە سەرکێشەکان دەسپێرن، پاشان بە پێچەوانەی ڕەوتی ئاو مەلە دەکەن و خۆیان دەگەیەننەوە کەنار بۆ ئەوەی هەمدیس ڕوو بکەنەوە نێو مێوەکان.  

کاتێک لێرە بە قەراخ ڕووباری "ئەیسێل"دا پیاسە دەکەم، بێ ویستی خۆم چاو بۆ مارەکان دەگێڕم، بەڵام تا ئێستا هیچ مارێکم نەبینیوە.
ئەیسێل، جارجارە هەڵخەڵەتێنەرە. هەست دەکەم پۆلێکی بچووک لە مارەکان بەرەو کەنار دەخزن؛ کەچی مار نین، بەڵکوو کۆمەڵێک شەپۆلی ورد و ئارامن کە دێن قەراخ بلێسنەوە و پاشان دەگەڕێنەوە. 
لە نێو دەنگی شەپۆلەکاندا، من بەردەوام گوێم لە هەنیسکی کوڕیژگەیەکە. کاتێک ئێواران درەنگ بە قەراخ ئاودا پیاسە دەکەم، گوێم لەو دەنگە دەبێ. گوێم لێ دەبێ کوڕیژگەکە بانگی کەسێک دەکا. 
ئەوە کێیە ئەو کوڕیژگەیە کە کاتێک بە قەراخ ئەیسێلدا دەڕۆم، لە ناخی مندا دەست دەکا بە گریان؟ 
لە نیشتیمانی خۆم، هێندە سەرقاڵ بووم کە گریانەکەی سەرنجی ڕانەکێشابووم. 
ئێستا کە بە قەراخ ئەیسێلدا پیاسە دەکەم، بە ئاڵۆزی سیمای مناڵیمم دێتە بەر چاو. 
هەشت ساڵم تەمەن بوو و ئەو ڕۆژە هەوا تا بڵێی گەرم بوو. من لەو بەری ڕووبارەکە، لە نێو مێوەکاندا کایەم دەکرد. لەناکاو، گوێم لە قیژەیەکی بەرز بوو. کەسێک لە نێو مێوەکان هاواری دەکرد. بەرەو لای دەنگەکە هەڵاتم. کەسم نەبینی، بەڵام گوێم لە گریان و پاڕانەوە بوو: "وازم لێ بێنن، تکاتان لێ دەکەم، وازم لێ بێنن."
من لە بن پۆلە دارێکەوە بۆ بن پۆلێکی تر ڕامدەکرد و بانگم دەکرد: "ئەوە کێ‌یە دەگری؟"
لەناکاو، پیاوێکی چوارشانە، بە پانتۆڵی داکەنراو، لە نێو دارەکانەوە بەدیار کەوت. کوڕیژگەیەک وەک کەروێشکێکی زامدار لە نێو لاقەکانی پیاوەکە دەرپەڕی. ئەو پانتۆڵەکەی هەڵکێشاوە و بە دووی کەوت. مناڵەکە، ڕەزەکەی تێپەڕاند و بەرەو ڕووبارەکە ڕایکرد. بە پەلە بوو خۆی بگەیەنێتە پردەکە. کتوپڕ، هاوسەنگی لە دەست دا و کەوتە نێو ئاوەکەوە. گوێم لە هات و هاواری دەبوو، بەڵام کاتێک خۆم گەیاندە کەناری ڕووبارەکە، ئەو ون ببوو. 

لێرە، شان بە شانی ئەیسێل، هەر ئان و سات چاوەڕێم لەناکاو پیاوێک لە نێو دارەکانی قەراخ ڕێگە بەدیار بکەوێ. لە خەیاڵمدا، دەیبینم لە پشت دارێک لە دارەکان خۆی حەشار دەدا.
بە زەبیح شار شارۆکێ بانگمان دەکرد، چونکە لە نێو قووڵکەکان، لە پشت دارەکان یاخود لە ژێر پردەکان خۆی دەشاردەوە بۆ ئەوەی کوڕیژگەکان بە تەڵەوە بکا. 
لێرەکانە، دەیبینم لە نێو مانگاکاندا خۆی حەشار دەدا. لە نێو لاقی مانگا هۆڵەندییەکاندا کە لە قەراخ ئاو خەریکی لەوەڕن، قاچەکانی دەبینم.
ئەگەر نەیتوانیبا کوڕیژگەیەک بگرێ، بە دووی مانگاکان دەکەوت. مانگاکان لێی دەسلەمینەوە. هەر کە لە دوورەوە دەیانبینی، تێیان دەتەقاند. ئەو خۆی دەگەیاندنێ، یەکێکیانی بە گوێ دەگرت و تا داوێنی نشێوێک ڕایدەکێشا و لەوێ خۆی دادەمرکاندەوە. 
کە کارەکەی تەواو دەبوو، بەرەو لای ڕووبارەکە دەڕۆیشت بۆ ئەوەی نێوگەڵی بشواتەوە. ئەو ژنانەی لە قەراخ ئاوەکە جلیان دەشۆرد، وازیان لە جلەکانیان دەهێنا و بە پەلەپڕوزێ دەگەڕانەوە بۆ ماڵێ. بەمجۆرە، لە چنگ زەبیح شار شارۆکێ، ئەم بوونەوەرە سەیرە، ڕایان دەکرد. 

زەبیح یەكێک بوو لە لایەنگرانی شا. لەبەر ئەوەش کەس نەیدەوێرا سکاڵایەکی لە دژ تۆمار بکا. ئەو بە خاڵ دەموچاوی شای لەسەر سینگی هەڵکەندبوو: تاجێکی گەورەی لە بان سەری کێشابۆوە. 
من بە چاوی خۆم، لە کاتێکدا لە نێو ڕووبارەکە خۆی دەشۆرد، ئەو وێنەیەم لەسەر سینگی بینیبوو. لەسەر پردە دارەکە بووم و بە حەپەساوی لەم سەرە مەزنەی شام دەڕوانی. هەڵترووشکابووم و لە پشت پەرژینێک خۆم حەشار دابوو. زاتم نەدەکرد بجووڵێمەوە، لە ترسان لە جێگەی خۆم ڕەق هەڵاتبووم. ئەو چەندین جار هەوڵی دابوو من بگرێ، وەلێ نەیتوانیبوو. لە پڕێکا، ئەمنی بینی، بەرەو لام ڕایکرد و گوڕاندی: "دەتکوژم، دەتکوژم، هەتیوە بیژووە. دەبینی چیت…"
بە هەموو هێزی پێم، لە پردەکە پەڕیمەوە و بەرەو ماڵێ هەڵاتم. 
یەک بە خۆی هاواری دەکرد: "ئاخریەکەی دەبینی چیت لێ دەکەم؛ شەرت بێ تا هەتایە لە بیرت نەچێتەوە!"
خۆم لە ماڵێ کوتاوە.

ئەو پۆلیسانەی لە شار کاریان دەکرد، هەموویان هاوڕێی بوون، هاوڕێیەکی ڕاستەقینە نا، بەڵام لێی دەترسان. کاتێک بە لایەنگری لە شا، خۆپیشاندان بەڕێوە دەچوو، زەبیح شار شارۆکێ لە پێش هەموویانەوە ڕێی دەکرد. سینگی دەکردەوە و هاواری دەکرد: "بژی شا! بژی…"
بەردەوام چەقۆیەکی زامن‌داری پێ بوو کە بە جووڵەیەکی وشک دەیکردەوە و دمە ڕووتەکەی نیشان دەدا. چەقۆکەی لە ژوور سەری ڕادەوەشاند و هاواری دەکرد: "ئەوەم بۆ دوژمنانی شا هەڵگرتووە!"

رووباری ئەیسێل زێدەتر بە نێو لەوەڕگەکاندا تێدەپەڕێ، بەڵام بە درێژایی چۆمی سەفیدخانی، خانووی سادە بە دی دەکران کە خەڵک بە دەستەکانی خۆیان دروستیان کردبوون. پەنجەرەکانی ئەم خانووچکانە، دەڕواننە مێوستان و ترۆپکی بەرزی چیاکان بە كڵاوە سپییە کۆنەکانیانەوە. هەندێک دوورتر، لەو لای گەڕەکی ئێمە، نەخۆشخانەیەکی تازەی دوونهۆمی بونیاد نرابوو. کاتێک بە ناو ماڵەکاندا تێدەپەڕین، نەخۆشخانەکە نەدەبینرا، بەڵام لە تەنیشت ڕووبارەکە پەنجەرەکانی بیناکە کە تیشکی خۆریان دەگەڕاندەوە، بە دی دەکران.
رۆژێک، بەیانی زوو، کە چوومە نێو حەسارەکەمانەوە، کتوپڕ شتێکی سەیرم بە حەواوە بینی، بینایەکی بەرزی نوێ، دیوار بە دیواری نەخۆشخانە. هیچی لێ تێ نەگەیشتم. بە ڕاکردن بەرەو ڕووبارەکە ڕامکرد. نەخۆشخانەکە گەورە کرابۆوە. لە جێگەی خانووی کۆن، بینایەکی نوێ بەرەو کەشکەڵان بەرز کرابۆوە. 
دەتگوت سیحربازێک نەخۆشخانە بچووکەکەی بۆ بینایەکی گەورە گۆڕیوە. 
بۆچی پێشتر چاوم پێی نەکەوتبوو؟ 
دەبێ بڵێم نەخۆشی منی لەسەر جێگە خستبوو و دەبوایە بۆ هەفتەیەک لە ژوورێ نەیەمە دەر،  لەگەڵ ئەوەشدا، بە مەحاڵی دەزانم بینایەکی وەها بەرز لە ماوەیەکی وا کەمدا قووت بووبێتەوە. هەرچی بێ ئێستا بیناکە لەوێ بوو. بینیم خەڵک بەو سیوادی بەیانییە لەسەر ئیشن. بارهەڵگرەکان دەهاتن و دەچوون و بار دەکران. پەلەم کرد بۆ ئەوەی هەموو ئەمانە لە نزیکەوە ببینم. بڕوام بە چاوەکانی خۆم نەبوو. بە دەیان کرێکاری خانووبەرە، بە هەموو لایەکدا دەجووڵانەوە. بارهەڵگرەکان، بەرد، خیز و قسڵیان بۆ نێو حەوشەی نەخۆشخانەکە دەگواستەوە. خێرا نیوە خولێکیان لێ دەدایەوە و دەگەڕانەوە. چەند مەکینەیەک خەریک بوون عەرزیان هەڵدەکەند. کێبڵ‌کێشەکان، کێبڵی گەورەیان دەخستە نێو کەناڵە درێژەکانەوە. پاشان کرێکارەکان دەستوبرد خۆڵیان بەسەردا دەکردن. جۆشکارەکان، میلە ئاسنینەکانیان لەحیم دەکرد کە دواتر خێرا لە لایەن مەکینەکانەوە هەڵدەگیران. کارەباچییەکان، لە سووچێکی بیناکەوە بۆ سووچێکی تر ڕایاندەکرد. دارتاشەکان چوارچێوەی پەنجەرەکانیان لە نێو دیوارە نوێیەکاندا جێگیر دەکرد. شووشەبڕەکان دەسبەجێ جامیان تێ دەگرتن و ڕەنگ‌ڕیژەکان، دیوارە شێدارەکانیان ڕەنگ دەکرد. بەڕێوەبەری نەخۆشخانە، جلێکی ئیشی لەبەردا بوو و کوون و کەلێنەکانی بەسەر دەکردەوە. سەرم سووڕمابوو. مرۆڤ مەگەر لە خەودا ئەو هەموو شتە ببینێ. دەتگوت فیلمێکە و هیچی تر.

لە قوتابخانە بوو کە نهێنی نەخۆشخانە نوێیەکەم بۆ دەرکەوت. شا بۆ یەکەمجار سەردانی شارە هەژارەکەمانی دەکرد. ئەوەی ڕاستی بێ، ئەو بەرەو باشوور دەڕۆیشت، بەڵام دەیویست لە شارەکەی ئێمەش لا بدا. لە ڕوانگەی کاربەدەستانەوە، ئەمە کارەسات بوو چونکە شتێکیان نەبوو شا وە گەڕی بخا. بۆیە پێویست بوو پەنا بۆ خەیاڵیان بەرن و تەنیا پانزە ڕۆژیان لەبەر دەم بوو بۆ ئەوەی شتێک بئافرێنن. بەڕێوەبەری نەخۆشخانە کە کەسێکی تووڕە و تۆسن بوو، پێی گوتن: "ساتەوەختی بەدیهاتنی خەونەکانمە. بەردەوام حەزم کردوە گەورەترین نەخۆشخانەی وڵاتم هەبێ، نەخۆشخانەیەک کە ناوی منی بەسەرەوە بێ. بناغەکانی ئەم نەخۆشخانەیەم وەها قایم ساز کردووە کە تەنانەت دەتوانین تا نۆ نهۆمی بەرز بکەینەوە. بۆ ئێوە، گەرەنتییەک بە نرخێکی گونجاو و بۆ منیش، نەخۆشخانەیەکی گەورە." 
گرێبەست، درەنگانی شەو لە نەخۆشخانە واژۆ کرا. بەڕێوەبەری نەخۆشخانە یەکسەر دەست بە کار بوو بۆ ئەوەی خەونە لە مێژینەکەی وە دی بێنێ. 

بارهەڵگرە سەربازییەکان بە لەز و بەز نەخۆشەکانیان بۆ سەربازگەیەکی کۆن گواستەوە. بۆ بەیانییەکەی، دەیان کرێکاری خانووبەرە، لە بەردەم دەرگای نەخۆشخانە چاوەڕێ بوون. بارهەڵگرەکان، بۆلدوزێر و مەکینەکان لە خاک و خۆڵ وەر درابوون. سێ دەستە بۆ کاری بەردەوام دیاری کرابوون. پۆلێک کرێکار، پاش هەشت سەعات ئیشی تاقەت پڕووکێن، بیناکەیان بەجێ دەهێشت؛ پاشان دەیان ئیشکەری نوێ پێکەوە دەهاتن بۆ ئەوەی جێگەیان پڕ بکەنەوە. 
دواجار، شتێک بەرهەم هات کە لە هەر شوێنێکی تری دونیا مەحاڵ بوو بێتە دی. 
بەرەبەیانی سیانزەهەم ڕۆژ، کاروباری دروستکردنی نەخۆشخانە کۆتایی هات. سێ نهۆمی ژێرەوە، ئامادەی بەکارهێنان بوون، نهۆمەکانی تر، جارێ بەتاڵ بوون. 
خەڵكی لە نێو شار دەیانگوت: " لەگەڵ دەرکەوتنی خۆردا، نەخۆشخانەیەکی سپی جوانمان بینی تا کەشکەڵان بەرز بۆتەوە."
نەخۆشخانەکە لە سەرەوە ڕێکی چیا بەرزەکان بوو و لە خوارەوەش، بە داوێنی سەفیدخانی‌یەوە نووسابوو.
ماڵە نزم و ناحەزەکان بوونە کۆسپ و چیتر  لەگەڵ نەخۆشخانەکە یەکیان نەدەگرتەوە. ئیدی لە پێش چاو ون ببوون.

ڕۆژی چاردەهەم، ئیتر هیچ خانوویەک لەوێ نەما. بۆلدوزێر هەموویانی تەخت کرد. جادەیەکی بەرینی قیلەتاوکراو کە تێکەڵ بە ناوەندی شار دەبوو، جێگەیانی گرتەوە. 
هەموو شتێک بۆ پێشوازی لە شا ئامادە بوو. سەعات دوو، سەرجەم کۆمپانیاکان، قوتابخانە و نووسینگەکان داخران. هەمووان بە وێنەیەکی شاوە بەرەو نەخۆشخانەی نوێ هاتن تاکوو بەخێرهاتنی شا بکەن.
قوتابیان و تەماشاچییەکان لە قەراخ جادە ڕاوەستابوون. 
تیشکی خۆر سووتێنەر و قیلی سەر شەقامەکە هەروا دەتوایەوە و بە بن پێمانەوە دەنووسا. کاربەدەستانی شار کۆمەڵێک فەرشی گەورەیان ڕاخستبوو: ڕێگەیەکی دوور و درێژ، بە فەرشی پان و دڵڕفێن ڕازابۆوە.

سەعات دوو و چارەگ، شا، بە فڕۆکە تایبەتییەکەی کە هەر بۆ خۆیشی لێی دەخوڕی، لە فڕۆکەخانە بچووکەکەی سەربازگە نیشتەوە. 
لە نێو بۆنی ڕەنگ و قیلدا، چاوەڕوانی هاتنی شا بووین. 
بۆ بینینی ئەو پیاوەی تەنیا لە وێنەکاندا چاومان پێی کەوتبوو، بێ سەبرانە چرکەکانمان دەبژارد.
من ملم بەرز کردەوە بۆ ئەوەی بزانم ئۆتۆمبیلی شا گەیشتووە یان نا. کتوپڕ، زەبیج شار شارۆکێ وەک دیوارێک لە بەردەمم قووت بۆوە. لە ترسان ڕۆحم بە بەرەوە نەما. هیچی نەگوت. دەمزانی لەو ساتەوەختەدا  لەگەڵ من هیچی پێ ناکرێ، بەڵام ترسی ئەوەم هەبوو لە پێش چاوی هاوڕێیانی قوتابخانەم دەستم بۆ بێنێ. مناڵەکان دەیانناسی و بێگومان زۆر قوتابی دیکە، لە ڕیزی قوربانییەکانی دابوون. بۆی هەبوو هەندێک کەس پێیان وابێ من پەیوەندیم  لەگەڵی هەیە و لێم وە شک کەون. زەبیح ڕووبەڕوو سەیری کردم و من چاوە ترسناکەکانی مارێکم لە سیمایدا بینی. سەیرێکی دەوروبەری خۆمم کرد و بە خۆمم گوت خوایە گیان بمپارێزە. ئەو هاتە پشت سەرم و بە ئەسپایی دەستی بەرەو سمتم درێژ کرد. خوێن لە نێو دەمارەکانمدا وشک بوو. لە ترسان سەقەت ببووم و نەمدەتوانی لە جێگەی خۆم ببزوێم. دەستی بەرەو قایشی پانتۆڵەکەم برد. لەسەر پێستم هەستم بە نووکی پەنجەکانی کرد، لەو کاتەدا قوتابییەکان یەک بە خۆیان گوڕاندیان: "بژی! بژی شا!"
زەبیح وازی لێ هێنام و چووە ڕیزی پێشەوە. 
لیمۆزینێکی ڕەشی گەورە و بریقەدار نزیک بۆوە. بانەکەی کراوە بوو و شا لەسەر کورسی پشتەوە بە پێوە وەستابوو. جلی سوپای پۆشیبوو و کاسکێتێکی گەورەیشی لەسەر کردبوو. جەماوەر چەپڵەیان لێ دەدا، شادومانی خۆیان دەردەبڕی و هاواریان دەکرد؛ شا بە دەست سڵاوی لێ دەکردن. ئۆتۆمبێلە گەورە ڕەشەکە ئێستا بە بەردەمماندا تێدەپەڕی. شا کاسکێتەکەی لا برد، ڕوو لە ئێمە و زەبیح دەستی ڕاوەشاند. زەبیح، لەمە زیاتر نەیدەتوانی بەسەر جۆش و خرۆشی خۆیدا زاڵ بێ، بە قەڵەمبازێک خۆی هاویشتە ناوەڕاستی شەقامەکە و  لەگەڵ ڕاکردن بە دوای ئۆتۆمبێلەکەی شا، گوڕاندی: "بژی پاشای پاشاکان."
پۆلیسەکان دوای کەوتن و گرتیان. شا، ترسی ڕێ نیشت و ئاوڕی دایەوە. زەبیح، پەشۆکاو، هاواری دەکرد: "بژی پاشا."
شا ئاماژەی بە پۆلیسەکان کرد وازی لێ بێنن. زەبیح یەخەی کراسە سپییەکەی دڕاند و وێنەکەی سەر سینگی نیشان دا. سەرەتا شا تێنەگەیشت. بە سەرسووڕمانەوە، لە زەبیحی دەڕوانی کە ملی کراسە پچڕاوەکەی بە دەستەوە گرتبوو و هاواری لەرزۆکی لێ بەرز دەبۆوە: "بژی شا! بژی…"
شا دەستووری بە شۆفیر دا ڕابوەستێ. زەبیح لە چاوترووکانێکدا، کراسەکەی هەڵدڕی و ماسوولکەکانی سینگی دەرپەڕاند. وێنەکە، سەری شا لەسەر سینەی وە جموجوڵ کەوت. شا چاویلکەکەی لە چاو کرد و بە سەرنجەوە لێی ڕوانی. پاشان چاویلکەکانی دانایەوە، سەری زۆر بە هێمنی ڕوەو زەبیح دانەواند و بزەیەکی هاتە سەر لێو. دوایی ئۆتۆمبێلەکە کەوتەوە ڕێ. 
بۆ بەیانی، وێنەیەکی گەورەی شا و زەبیح لە لاپەڕەیەکی یەکەمی ڕۆژنامەیەکی سەر بە دارودەستەی شا بڵاو بۆوە: لە وێنەکەدا شا دەبینرا، چاویلکەکەی بە دەستەوە بوو و بزەیەکی شاهانە لەسەر لێوەکانی نیشتبوو، لەو لاشەوە زەبیح شار شارۆکێ بە تاتۆیەک لەسەر سینگی ڕووتی.

ماوەیەکی زۆر بەسەر ئەم ڕووداوەدا تێدەپەڕێ. کە بیر لە ساڵانی تافی مێرمناڵیم دەکەمەوە، بۆم دەردەکەوێ کە زەبیح مناڵیمی تۆقاندووە. بوونی ئەو، ژیانمی مەحکوومی چوار دیوارییەک کردبوو. زاتم نەدەکرد باڵ بگرم. چیا بەرزەکانی ئەو دیو ڕەزەکان، ڕۆحمیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشابوو، بەڵام زەبیح وای کردبوو دوورەدەست بن. لە پێش چاوم لە دێوزمەیەک دەچوو کە لە بەردەم چوونی من بۆ چیاکان دەبۆوە ئاستەنگ.
لە هەموو شوێنێک، هەستم بە بوونی دەکرد. دەبوایە بەردەوام لەسەر هەست بم بۆ ئەوەی نەکەومە بۆسەیەوە، بەڵام بێهودە بوو و هەر چیم کردبایە، نەمدەتوانی لە چنگی ڕزگار بم.
پاش نیوەڕۆیەکی زۆر گەرمی ڕۆژێکی یەکشەممە، لە کاتێکدا  لەگەڵ هاوڕێیانم لە قەراخ ئاو یاریمان دەکرد، لەناکاو مارێکی ڕەنگ تۆخم بینی کە سەرە قاوەییە مەیلەوزەردەکەی لە کونێکەوە دەرهێنابوو. هەناسەم لە خۆم بڕی و لە جێگەی خۆم نەبزووتم. مارەکە ڕاستەوخۆ سەیری نێو چاوەکانی دەکردم. ئەگەر زەندەقم نەچووبا، ئەگەر لە جێگەی خۆم نەجووڵابامەوە، بێگومان دەخزیەوە نێو کونەکەی، بەڵام دەترسام، ترسێکی ئەوتۆ کە نەمدەتوانی لەسەر ئەژنۆ خۆ ڕابگرم. لە دەوروبەری خۆمم ڕوانی، نیوە خولێکم لێ دا و لەناکاو بەرەو مێوەکان هەڵاتم. بە هەموو هێزی پێ ڕام کرد، بەڵام هەستم دەکرد - یان ڕەنگە خەیاڵم وا بوو - مارەکە بە دوومەوەیە. لە پشت سەرم گوێم لە هاش و هووشی دەبوو کە بە نێو گژ و گیا و پنچکەکاندا دەخووشێ. لە پێشەوەم هیچ شتێک نەدەبینرا. گشت وزەم لە هێزی بیستندا کۆ کردبۆوە بۆ ئەوەی بزانم بە دوامەوەیە یان نا. کتوپڕ، زەبیح لە پشت دارێک لێم دەرپەڕی. سەرم لە زگی درا و کەوتمە سەر عەرزی. سەرم هەڵێنا و چاوم لێکرد. لە ترسان هەڵدەلەرزیم، قوڕگم وشک ببوو و هەستم بە تامێکی تاڵ لەسەر زارم دەکرد. 
"گرتمی هەتیوە بیژووە! ئاخریەکەی هاتیە بەر دەستم."
جەستە زەبەلاحەکەی شۆڕ کردەوە، دەستی ڕاستی درێژ کرد، بە قۆڵ گرتمی و بەرزی کردمەوە. هەترەشم چووبوو، پڕ بە زارم هاوارم کرد، هاوارێکی هێندە بەرز کە ڕاچەنی و دەستی لێ بەردام. هەلم قۆستەوە و لەسەر چۆک دوور کەوتمەوە، پاشان هەستامە سەر پێ و بەرەو پردەکە هەڵاتم. گەیشتبوومە نێوەڕاستی پرد کە هاوسەنگی خۆم لە دەست دا و کەوتمە خوارێ. لە کاتێکدا شەپۆلە بە خوڕەکان دەیانگواستمەوە، من دەمقیژاند و هاوارم دەکرد.

نازانم ئەمە چەندەی خایاند. لە پڕا بینیم نیوەی جەستەم لە نێو ئاو و نیوەکەی تری لەسەر خاکە و بە ئاستەم وە هۆش هاتوومەتەوە. لەناکاو، گوێم لە دەنگی ژنان بوو، هاواریانم دەبیست و نەدەبیست، ئەوان بە دەم گریانەوە لە چوار دەورم ئەڵقەیان بەست. پێیان وا بوو مردووم، بەڵام کاتێک زانیان هەناسە دەدەم، چیتر نەگریان. نەیاندەزانی چیم لێ بکەن. ئاخر ئەوان بەردەوام جەستەی مردوویان لە قەراخ ڕووبارەکە دۆزیبۆوە، نەک جەستەی نیوەمردوو. 
ژنێک بە قیژەیەکی خۆشی بێدەنگییەکەی شکاند، ئەوانی تریش بە هەمان شێوە لە هەلهەلەیان دا. دەیانویست بمبەنەوە گەڕەکی خۆمان، ماڵی خۆمان کە ژنێکیان هاواری کرد: "راوەستن! با سەرەتا ئاوی نێو زگی بێنینە دەرێ."
ئەوان کۆمەڵێک لق و پۆپی وشکیان کۆ کردەوە و ئاگریان پێ خست. پاشان ژنێک منی بە لاق بەرز کردەوە، دەتگوت کەروێشکێکی مردارەوەبووم، لە کاتێکدا کە سەرم لە بان ئاگرەکە بوو، ڕایوەشاندم. گوێم لە قیژە و هاواری خۆشییان دەبوو، گوێم لە دەنگی ڕۆ ڕۆیان دەبوو. ئەوان بە نۆرە ڕایاندەوەشاندم. هەستم بە بڵێسەکانی ئاگر دەکرد کە ڕووخساریان دەلێستمەوە. لەو ساتەدا، هەموو ئاوی سەفیدخانی‌م دەردایەوە.
ژنەکان سەر لە نوێ هەلهەلەیان لێدایەوە. ئەوان بە دەم گۆرانی وتنەوە، منیان بردەوە ماڵێ و بەسەر و برۆی هەڵپڕووزاو، ڕادەستی دایکمیان کردمەوە.
پیرەژنێک گوتی: "مزگێنیت لێ بێ! لەسەر تەوێڵی کوڕەکەت نووسراوە کە زۆر دەژی. سەفیدخانی بە زیندوویی هاویشتیە دەرەوە. دەبێتە کەسێکی بەناوبانگ."

ئەمڕۆکە، ساڵ و ڕۆژگار تێپەڕیون و من نەبووم بە کەسێکی بەناوبانگ. لەسەر تەوێڵم، هیچ نەنووسراوە، دوو وشەی "ڕاکردوو" و "نۆستالژیای تاهەتایی" نەبێ.
ئەو ژنانە دەیانویست لە داهاتووی تاریکیاندا، ڕووناکییەکیان هەبێ، بەڵام من ئەو ڕووناهییە نەبووم، نەبوومە هیوایەک. ئەوان هیچ کامیان بیریان بۆ ئەوە نەدەچوو.
ئاگرەکە، ئەو ئاگرە ڕزگاریدەرە، چەند برینێکی لەسەر جەستەم بە جێ هێشتووە. ئەوانە تەنیا یادگارێکن لەو ڕووداوە ناخۆشە هەڵمگرتوون.

بە قەراخ ڕووباری ئەیسێلدا پیاسە دەکەم و زەبیح شار شارۆکێ دەبینم بە دیار دەکەوێ. دەیبینم دەچێتە نێو دارەکان، دەچێتە نێو ئەو مانگایانەی خەریکی لەوەڕن. دەیبینم لە پشت ستوونی پردێکی کۆنی سەر ئەیسێل خۆی مات داوە بۆ ئەوەی کوڕیژگەیەکی هۆڵەندی بە تەڵەوە بکا.
نازانم، بەڵام پێم وایە مەنفا وێستگەیەکە دەتوانین لێیەوە بەرەو ساڵانی مناڵی بفڕین.
بەر لەوەی ئەیسێل بناسم، زەبیح شار شارۆکێم بە یەکجاری لە بیر چووبۆوە. کە ئەیسێل لە هزری مندا دەستی بە خرۆشان کرد، هاوکات گشت بیرەوەرییەکانمی لە نێو مێشکمدا زیندوو کردەوە. 
دواتر، کە گەورە بووم، ترسم لە زەبیح شکا. ئەوەی ڕاستی بێ، چیتر نەمدەبینی. من جیهانی کتێبەکانم دۆزیبۆوە، بۆ ئەوەی هەموو بیر و سەرنجی خۆم بدەمە سەر کتێبەکان، نیگام بۆ چیا دڵبزوێنەکانی ئەو لای ڕەزەکان وەرسووڕاندبوو. شتی سەرنج ڕاکێش و دوور لە خەیاڵم لەسەر ڕووبارەکانی تر، مارەکانی تر و هەروەها لەسەر ئەو بابەتانە دەخوێندەوە کە تەنیا لە مێشکی کوڕیژگەیەکی دانیشتووی شارێکی هەژاردا جێیان دەبۆوە. بەمجۆرە زەبیح شار شارۆکێ بەرە بەرە لە جیهانی مندا ون دەبوو. من لە گۆشەیەکی تاریکی یادەوەرییەکانمدا بە خاکم سپاردبوو، لە گۆشەیەکی هێند قووڵ و تاریک کە نەیدەتوانی تەنانەت بخزێتە نێو خەونەکانیشمەوە. ساڵانی دواتر، ڕووم کردە پایتەخت بۆ ئەوەی لە زانکۆ بخوێنم. لەوێ، پەیوەندیم بە جووڵانەوەیەکی نهێنی شۆڕشگێڕەوە کرد. لەو ساڵانەدا بوو شۆڕش تەقییەوە و شا تاج و تەختی خۆی بەردا. خومەینی هاتە سەر دەسەڵات و دارودەستەکەی کۆنتڕۆڵی شارەکانیان گرتە دەست. ئەوان، دڵەڕاوکێیان خستە نێو دڵی چەپەکانەوە. 
لەسەر ڕێگەکانی دەرچوون، ئەوان لە سەرکردەکانی ئۆپۆزۆسیۆن دەگەڕان و ئۆتۆمبێلەکەنیان دەپشکنی. ئێوارەیەک کە دەمویست لە تاران ڕا بگەڕێمەوە بۆ شارەکەم، لە بەردەم دەروازەی شار، سەربازێک لە ژێر ڕووناکی شۆق پژێنەکان لە کۆشکی چاودێری هاتە دەر. بە جووڵاندنی تفەنگەکەی، فەرمانی پێ دام ئۆتۆمبێلەکەم ڕابگرم. پێم بە کلاج دانا. سەربازەکە هاتە پێشێ، ڕیشی تا سەر سینگی شۆڕ ببۆوە و هەر دوو دەستی لەسەر چەکە درێژەکەی دانابوو. لە لای چەپی شانی، وێنەیەکی بچووکی خومەینی هەڵواسیبوو.
شووشەی ئۆتۆمبێلەکەم دادایەوە، ئەو سەری بۆ ناو ئۆتۆمبێلەکەم چەماندەوە. یەکسەر گوتی: "ناسنامەکەت".
کتوپڕ لە پشت ئەو ڕیشە خۆڵەمێشییە درێژەوە، من سیمای زەبیح شار شارۆکێم ناسییەوە. 
دووپاتی کردەوە: "پێم گوتن ناسنامەکەتان!"
من ڕاستەوخۆ، لە چاوەکانیم دەڕوانی، لە نێو نیگایدا لەناکاو نیشانەیەکی ئاشنایی بە دیار کەوت. خێرا پاشەکشەی کرد، لە ئۆتۆمبێلەکە دوور کەوتەوە و ئیزنی پێ دام درێژە بە ڕێگاکەم بدەم. 

نازانم لە ساتەوەختی ئەو پێک گەیشتنە چاوەڕواننەکراوەدا بیری لە چی کردۆتەوە، بەڵام من نەمدەتوانی ببمە بەشێک لەم بارودۆخە. دەشمزانی من بە تەنیا نیم. ئەو ئێستا لە پشت خومەینی خۆی حەشار دابوو و لە نێو شاردا، دوو ئەرکی هەرە قێزەوەنی گرتبووە ئەستۆ: سەر بە دەمارگرژترین سەربازەکانی خومەینی و بەرپرسی ژووری ئەشکەنجەی گرتووخانە بوو، ئەو گرتووخانەیەی گیراوە سیاسییەکانی تێدا بەند کرابوو. نەک هەر بۆ گیراوەکان، بگرە بۆ هەموو کەس ببوو بە مەترسییەکی گەورە. کەسانی بە ویژدانی شار نەیاندەتوانی بەرگەی ئەم بارودۆخە بگرن. 

شەوێک، چەند ڕۆژ دواتر، لە بەردەم پەنجەرەی ماڵی خۆمان بە پێوە وەستابووم و سەیری دەرەوەم دەکرد، سەیری تاریکی، ڕووبارە سەرهەڵگرتووەکە و، ئەو مێوانەی مارەکان بە نێو لقە و پۆپەکانیاندا دەخزین و بێگومان گوێیان بۆ ڕووبار ڕاداشتبوو. لەو کاتەدا، گوێم لە هاواری ژنان بوو، ئەو ژنانەی لە قەراخ ئاو جلەکانیان دەشۆن. نەمدەزانی ئەوە قیژە و هاواری خۆشییە یان شین و ڕۆڕۆ، بە پەلە ڕامکردە دەرەوە بۆ ئەوەی بزانم چ باسە. ئەوان لە دەوری تەرمێک ئاپۆرایان بەستبوو. لە ژێر تریفەی مانگدا، جەستەی سەربازێک کەوتبوو، نیوەی لە ئاوەکەدا و نیوەکەی تری لە دەرەوە. ڕیشە خۆڵەمێشییەکەی و وێنەیەکی خومەینی لەسەر سینگی، لە ژێر شۆقی مانگ دەدرەوشانەوە. 
وەکوو نەریت، دەبوایە لە کفنێکی سپی بپێچرێتەوە و ببرێتە گۆڕستان، بەڵام ئێمە خۆمان لە هیچ هەڵنەقورتاند. لە نێو تاریکیدا، بێدەنگ سەیری ماڵەکانی خۆمانمان کرد، ئەو ماڵانەی بە پێ دزە و بە پەنجەی پێ بۆیان ڕۆیشتینەوە. 
 من لە نێو تاریکیدا گەڕامەوە بۆ بەردەم پەنجەرە و سەیری دەرەوەم کرد. مانگ تریفەی دەهاویشت. تەرمەکە لە قەراخ ئاو کەوتبوو و ڕووبارەکە بە پارێزەوە دەخرۆشا. 

ئەم چیرۆکە لە ژمارە (٤)ی گۆڤاری ''ئیلیان''دا بڵاو بۆتەوە. 

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر