۱۳۹۴/۰۸/۲۶

جــی‌پــی‌ئــێس


فرێدریک بەیگبێدێ
و. لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
لە پاش مەرگی خودا، مرۆڤ وایزانی گوم بووە؛ بەختەوەرانە، چاوساغە دیجیتاڵییەکان بواری ئەوەیان بۆ ڕەخساند ڕێگەکەی بدۆزێتەوە. ئەم دەسکردە[ی مرۆڤ]، سەرەتا تایبەت بوو بە شۆفێر ئۆتۆمبێلەکان، بەڵام هەنووکە لە شاشەکانی نێو گیرفانیشدا هەیە. ڕۆژ بە ڕۆژ، ڕێبوارەکان پتر قوتوویەکی ڕەشی بچکۆلە دەخەنە بێرکی کەوا و پانتۆڵەکانیانەوە کە فەرمانێکی تۆمارکراویان پێدەدا: "سێسەد مەتری تر، بادەنەوە بۆ چەپ." دەنگی یەکدەستی مەکینەکە، باش ڕاهاتنی پێوە دیار نییە (نە دەڵێ "تکایە" نە "سوپاس")، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ونبوو گوێ بە فەرمانەکانی دەدا، چونکە دەزانێ ئەو لەسەر حەقە. دەزانێ قوتووی جی‌پی‌ئێس، پێڵێک بۆ هەزاران کیلۆمەتر بان سەری دەنێرێ، ئەم پێلە دۆخی وی بە سەنتیمەتر دیاری دەکا و شاشەیەک لەسەر نەخشەیەکی هێڵدار، ئەو ڕێگەیەی پیشان دەدا کە دەبێ بیگرێتە بەر. ئەمە شۆڕشێکە هێشتا پانتاییەکەی نەپێوراوە.
بە درێژایی هەزاران ساڵ، مرۆ دەبوایە پرسیاری ڕێگە لە کەسێکی نامۆ بکا: شوورەیی بوو، جار جارەش مایەی پێکەنین، بەڵام بواری ئەوەی پێ دەدا تووشی هاوڕێی نوێ بێ و سەر بە کوون و کەلێنی نەناسراودا بکا. کە ون دەبوو، ناوچەی تازە و خەڵکی بەدەوی دەدۆزییەوە، وەک کریستۆف کۆلۆمب و کلۆود لێڤی-ستراوس. ئێستاکە، دەزانێ دەچێتە کوێ و لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانە، بگرە لە سووچی کۆڵانەکەی خۆیشیدا، لەگەڵ کەس ناپەیڤێ. نەخشەکەی ئاشکرایە، دڵنیایە، پارێزراوە. ئەگەر بیەوێ ون بێ، ئەوەندە بەسە مەکینەکە بکوژێنێتەوە (یان چاوەڕێ بکا باترییەکە لە پەلوپۆ بکەوێ)، بەڵام نایەوێ. مرۆڤی هاوچەرخ بە زۆرەملێ خۆی بە ئازاد دەزانێ: ئەوەی ڕاستی بێ، ناچاربوونەکەی ناوی نراوە ئازادی. چونکە سەتەلاتیش ئامرازێکی چاودێرییە. بە جی‌پی‌ئێس، ئێمە دەزانین لە کوێین، بەڵام ئێمە تەنیا کەس نین کە دەزانین لە کوێین. مرۆڤ بۆتە تاکە ئاژەڵێک کە دەکرێ لە ڕووی جوگرافییەوە شوێنەکەی دەستنیشان بکەی. هەر جارەو کە تەلەفۆن یان جی‌پی‌ئێسەکەی هەڵدەکا، چیتر ناتوانێ خۆی حەشار بدا: دەتوانی یەکسەر مووشەک، پۆلیس یاخود ژنەکەی بنێریتە سەر. لەگەڵ وندابوونی تامی وێڵبوون و سەرگەردانیدا، شتێکی تری گرانبەهاش بارگە و بنەی پێچاوەتەوە: ئەویش نهێنییە.

هاوپێچ:هــەی باغــەوان مــن غــەریبم ڕێــگای باغــت بە کــوێدا؟

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر