۱۳۹۴/۰۸/۱۹

دەربەندی داڵەکان


ڕۆژی ٢٨ی سێپتامبر لە ڕادیۆی سوییس گوێم لە وتوێژێک لەگەڵ ژنەنووسەری ئێرانی سۆروور کەسمائی بوو کە بە بۆنەی چاپی دوایین ڕۆمانی "ڕۆژێک بەر لە کۆتایی دونیا" لەگەڵی ئەنجام درابوو، لە سەرەتای بەرنامەکەدا ئاوڕێک لە کتێبی "دەربەندی داڵەکان"یش درایەوە کە هانی دام بیخوێنمەوە.
"دەربەندی داڵەکان"، سەفەرنامەی هەڵاتنی ژنەنووسەری ئێرانی سۆروور کەسمائییە کە ساڵی ١٩٨٣ هاوڕێ لەگەڵ خوشکەکەی تارانیان جێ هێشتووە و بە چیا سەخت و هەزار بە هەزارەکانی کوردستاندا بە سواری ئەسپ خۆیان گەیاندۆتە تورکیا و لەوێشەوە چوون بۆ فەرەنسا. 
هەڵاتن و سەفەری قاچاغی سۆروور کەسمائی ژنەنووسەری ئێرانی نزیکەی سێ مانگی خایاندووە و لە ڕێگەی ئەم سەفەرە قاچاغەدا وەک هەموو ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی نهێنی زێد و نیشتیمانی خۆیان جێ دەهێڵن، ڕووبەڕووی گەلەک تەنگ و چەڵەمەی ئەوتۆ بووتەوە کە هەناسە لە سینگدا قەتیس دەهێڵن. نووسەر بە زاکیرەیەکی تیژ و وردبینانە خوێنەر دەکاتە هاودەم و هاوسەفەری ڕۆژ و شەوانی خۆی.
نزیکەی سی ساڵ لەمەوپێش، جەنگی دژواری پێشمەرگە و هێزەکانی ئێران، تۆڕی قاچاغچییەکانی کورد و هەوڵەکانی دیپلۆماتکارێکی ڕۆژئاوایی دەست دەدەنە دەستی یەکتری و سۆروور دەگەیەننە ئەودیوی سنوورەکانی ئێران. ئەگەرچی جارێک لەسەر سنوور دەگیرێ و تەنانەت تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ پێشمەرگە و هێزەکانی سەننار مامەندی دەدرێتە پاڵ، بەڵام ئاڵۆزییەکانی ئەودەم بە هانایەوە دێن و جاری دووهەم دەتوانێ سەرکەوتووانە ئەم ڕێگە مەترسیدارە ببڕێ.
سۆروور و خوشکەکەی، لە سەروبەندێکدا لە ئێران ڕادەکەن کە مەلاکان هاتوونەتە سەر حوکم و تەنگیان بە ئازادیخوازان هەڵچنیوە. "تاران ئەو ساڵە ڕەشترین ڕۆژەکان و سپی ترین شەوەکانی خۆی دەژیا. دوای شەپۆلی یەکەمی لە نێوبردنی سیاسەتمەدار و وەزیرەکانی شا، نۆرە گەیشتبووە شۆڕشگێڕان.."
بەڵام بە پێچەوانەی زۆر سەفەری قاچاغ، بەسەرهاتی سۆروور کەسمائی بە گەیشتن بە فەرەنسا کۆتایی نایە، بەڵکوو تەنیا بەشی یەکەم لە کتێبەکەی پێک دێنێ. سۆروور لە فەرەنساش هەڵدێ، بۆ ساتێک دەسبەرداری خەیاڵەکانی نابێ و ڕوو دەکاتە مۆسکۆ بۆ ئەوەی فێری زمانی ڕووسی بێ. لەوێش کۆمەڵێک ڕووداوی نەخوازراوی بەسەر دێن و بۆ جارێکی دیکە ناچار دەبێ ژیانی نهێنی و قاچاغ تاقی بکاتەوە.
کتێبی دەربەندی داڵەکان ساڵی ٢٠٠٦ لە لایەن وەشانخانەی "ئاکت سوود"ەوە چاپ کراوە. نووسەر لە پێشەکیی کتێبەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە بە درێژایی بیست ساڵ بەردەوام ویستوویەتی هەڵاتنەکەی بگێڕێتەوە. چەندین جار پەنای بۆ نووسین بردووە و نەیتوانیوە. وەک ئەوەی بەسەرهاتەکان ژیان و هەڵاتنەکەی شتێکی کەم بێ. وەک ئەوەی چیرۆکەکەی پێویستی بە ئەنجامێک بێ و ڕووداوەکان بە نیوەچڵی جێ نەهێڵرێن. وەک ئەوەی دەبێ کۆتاییەکی لەبەر دەست بێ تاکوو بتوانێ سەرەتا بگێڕێتەوە. نووسەر، بیست ساڵ دواتر دەگەڕێتەوە بۆ ئێران، دەگەڕێتەوە تاکوو بتوانێ بگێڕێتەوە و بەشی سێهەم واتە گەڕانەوە بۆ ئێران ئەنجامێکە کە خوێنەر بە هیچ شێوەیەک چاوەڕوانی ناکا.
بەمجۆرە کتێبێ "دەربەندی داڵەکان" لە دوو بەش پێک دێ: هەڵاتن لە ئێران کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٣ و گەڕانەوە بۆ ئێران لە ساڵی ٢٠٠٤دا. لە نێوان ئەم هەڵاتن و گەڕانەوەیەشدا، ساڵی ١٩٨٧ و ڕۆیشتن بۆ رووسیا هەیە.  
سۆروور لە کوردستان لە نزیکەوە دەبێتە شاهیدی هەڵسوکەوتی پاسدار و هێزە نیزامی و ئەمنییەکانی ئێران لەگەڵ کوردانی سڤیل و بێ گوناە و دەبینێ چۆن تەنیا و تەنیا لەبەر کوردبوون ئەشکەنجە دەکرێن. دیمەنی لێدانی ئەو کوردانە لە پاسگاکانی سەر سنوور دێنێتە پێش چاو. بە خوێندنەوەی دێڕ بە دێڕی بیرەوەرییەکانی بۆت دەردەکەوێ سۆروور مرۆڤێکی دیموکراتە و خەبات و تێکۆشانی کورد بە خەباتێکی ڕەوا دەزانێ. 
***
"... لە کەیەوە کوردەکان پەنایان بۆ ئەم شاخە هێناوە؟ بۆچی هاتوونەتە ئێرە؟
بە کوردی وەڵامم دەداتەوە و ئەو ڕێگەیەم نیشان دەدا کە بەرەو داوێنی چیاکە شۆڕ دەبێتەوە. دەستی ڕادەدێرێ و ئاماژە بەو دۆڵە دەکا کە لە بن پێیەکانماندا لە دووماهیی نشێوەکە زارکی لێک کردۆتەوە. پاشان لاسای مەلێک دەکاتەوە، مەلێکی گەورە بە دوو باڵی پان وەک قۆڵە لەبەر یەک کشاوەکانی. لێی تێناگەم. بانگی کوڕێکی گەنج دەکا کە کەمێک ئەولاتر لە ژێر نسێی درەختێک ڕاکشاوە. چەند وشەیەکی بە گوێچکەدا دەچرپێنێ.
کوڕە لاوەکە بە ڕووسی دەڵێ: لە کوردستان دەربەندێک هەیە کە پێی دەڵێین دەربەندی داڵەکان. ئەم پیرەمێردە خەڵکی ئەوێیە. هەر لە مناڵییەوە هاتۆتە ئێرە. هۆزەکەی لە جەنگ ڕایانکردووە. لە ژیاندا تەنیا یەک ئارەزووی هەیە، حەز دەکا بگەڕێتەوە و داڵەکان لە بان سەرییەوە ببینێ کە دەسووڕێنەوە.
سەرم لە گێژەوە دێ. قەدەر وا بوو سەرجەم ئەو چیا و دۆڵانە تێپەڕێنم تاکوو بەسەر ئەم چیا کەونەدا بکەوم و چاوم بەم پیرەپیاوە بکەوێ. خۆم پێ ڕانەگیرێ و پێی دەڵێم من ئەم دەربەندە دەناسم، بە سواری ئەسپ پێیدا تێپەڕیوم و داڵەکانم بینی لە بان سەرم لە بۆشاییدا دەسووڕانەوە.
***
نووسەر و وەرگێڕ سۆروور کەسمائی لە تاران لەدایک بووە و لە ساڵی ١٩٨٣وە لە پاریس دەژی. کەسمائی بە دوو زمانی فەرەنسی و فارسی دەنووسێ. یەکەمین ڕۆمانی گۆڕستانی چراکان ساڵی ٢٠٠٢ چاپ و بڵاو کراوەتەوە و ئەمساڵیش ڕۆمانێکی بە ناوی "ڕۆژێک بەر لە کۆتایی دونیا" کەوتە بازاڕەوە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر